بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمان
لە بازنەى هەولێر 20 کاندیدى سەربەخۆ فۆڕمى کاندیدبوونیان پڕکردووەتەوە
964+
وریا فەتاح
پێنج رۆژە دەرگاى پێشکەشکردنى لیستى پاڵێوراوان و پارتەکان و هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کراوەتەوە، لە ئۆفێسى هەولێر تا ئەمڕۆ 20 کاندیدى تاکەکەسى فۆڕمى کاندید بوونیان پڕکردووەتەوە.
فەرهاد ئەسعەد شێتنە، بەرپرسی هۆبەى کاروباری پارتەكان و رێکخراوە سیاسییەکان لە ئۆفیسی هەولێرى کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە 964ـى وت،”20 لایەنى سیاسى لە ئۆفێسى هەولێر بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمان خۆیان تۆمار کردووە کە 18یان کۆدیان وەرگرتووە و یەکێکیان کشاوەتەوە و یەکێکیشیان مۆڵەتى نیە”.
جگە لە لایەنى سیاسى، 20 کاندیدى تاکەکەسى فۆڕمى کاندید بوونى پڕکردووەتەوە، بەڵام بە وتەى فەرهاد ئەسعەد، ئەمڕۆ سێ کاندید کشاونەتەوە.
لەبارەى تۆمارکردنى هاوپەیمانێتیش، بەرپرسى هۆبەى کاروبارى پەرتەکان و رێکخراوەکان ئاشکراى کرد، هەریەک لە هاوپەیمانێتى سەردەم و هاوپەیمانێتى کوردستان، کە هەریەکەیان لە سێ لایەنى سیاسى پێکدێن، خۆیان تۆمار کردووە.
رۆژى 13.3.2024 کۆمیسیۆن دەرگاى پڕکردنەوەى فۆڕمى کاندید بوونى بۆ سەرجەم هاوپەیمانێتى و پارت و کاندیدانى سەربەخۆ کردەوە و ماوەى 10 رۆژى پێدان و دەبێت تا 22.3.2024 ئەو هاوپەیمانێتى و پارت و کاندیدە سەربەخۆیانەى دەیانەوێت بەشدارى پڕۆسەکە بکەن.
شێوازى پێشکەشکردنەکە، ئەلیکترۆنى و وەرەقییە و سێ جۆرى سەرەکییە (کاندیدى تاک سەربەخۆ، لیستى کاندیدانى پارتى سیاسى، لیستى کاندیدانى هاوپەیمانێتى)، هەموو لینکێکیان پێشکەش دەکرێت و دەبێت داواکارییەکانى فۆڕمەکە بە شێوەیەکى دروست پڕبکەنەوە و دواتر کۆپییەکى بۆ کۆمیسیۆن دەگەڕێننەوە.
دواى پڕکردنەوە، فۆڕمەکە بۆ نوسینگەى سەرەکى لە بەغداد دەنێردرێت و لەوێشەوە ئاراستەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و پەروەردە لەلایەک و دەستە دەستپاکى و بەڵگەو تاوان دەکرێت، ئەوانیش پێویستە لە ماوەى 15 رۆژ وڵامى کۆمیسیۆن بدەنەوە و ئەگەر سەرجەم زانیارییە پێشکەشکراوەکان راست بوون، فۆڕمەکە قبوڵ دەکرێت.
دواى قبوڵکردنى رۆژێکى بۆ دیارى دەکرێت لە تیروپشکى پێدانى ژمارەى کاندید بوون و هاوپەیمانێتییەکان ئامادەبێت.