چەند بەشی دەبێت؟

کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی هەڵەبجە دەکرێتەوە

964+

پێشەوا محەمەد

وەزیری خوێندنی باڵای هەرێم بڕیاری کردنەوەی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی هەڵەبجەی دەرکرد، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە دەڵێت، سەرەتا تەنیا بەشی پزیشکی گشتی دەبێت.

ئەمڕۆ شەممە 16.3.2024 لە پانێلێکدا لە زانکۆی هەڵەبجە، ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، فەرمانی کردنەوەی کۆلێژی پزیشکیی لە زانکۆی هەڵەبجەی دەرکردووە.

مهاباد کامیل، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بە 964ـی راگەیاند، کۆلێژەکە تەنیا بەشی پزیشکی گشتی دەبێت و ئەگەر لەوەدا سەرکەوتوو بوون ئەوا هەوڵی فراوانکردنی بەشەکانی دەدەن لە ساڵانی داهاتوودا.

وتیشی، “ئێستا پێویستمان بە تەواوکردنی بیناکە و ستافە، هەروەها داوای پێویستییەکانی تاقیگەکانمان دەکەین، لیژنە پێکدەهێنین و دەمانەوێت بە تۆکمەیی دەستپێبکەین و کرچ و کاڵ نەبێت”.

زانکۆی هەڵەبجە بەم کۆلێژە نوێیەوە دەبێتە خاوەنی حەوت کۆلێژ و 22 بەشی هەیە و زیاتر لە سێ هەزار و 500 خوێندکار تێیدا دەخوێنن.

“ئەمساڵ ئەگەر خوێندکاریشی بۆ وەربگرین ژمارەیەکی کەم وەردەگرین، بەڵام لە ساڵی داهاتوودا دوای تەواوکردنی بینا و ستاف و تاقیگەکان خوێندکاری زۆر وەردەگرین”، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە وای وت.

ئەمڕۆ شەممە 36 ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجەدا تێپەڕی.

یاریگاکەی زانکۆی هەڵەبجە نوێدەکرێتەوە

یاریگاکەی زانکۆی هەڵەبجە نوێدەکرێتەوە