''مامۆستا وەک پەپولەیەکی بێ وەی و قسەخۆش نیشان دەدەن''

رەخنەیەک لە 964 دەربارەی چاوپێکەوتنەکەی مامۆستا هەڵۆ

964+

ژووری هەواڵ

– مەلاکان هەزاران بڵندگۆ و پەیج و ئەکاونت و دەزگای تایبەت بە خۆیان هەیە، جگە لەوەی سوپایەک خۆبەخشیش بەخۆڕایی دەنگیان دەگەیەنن، هیچ پێویستیان بەوە نییە کە 964 زیاتر زەقیان بکاتەوە.

– “مامۆستا” وەک پەپولەیەکی بێ وەی و قسەخۆش و وەرزشدۆست نیشان دەدرێت.

– پێشکەشکاری بەرنامەکە تەنیا بەڵێ بۆ قسەکانی دەکات

– هەر کام لە بۆچوونەکانی مەلاکە لەم بەرنامەیەدا مایەی مشتومڕن، ئەوەی دەربارەی خۆبەحەقزانین، کۆمەڵگا و ئایین و ژن دەیڵێت، ڕەنگە بۆ کەسانێکی ئاینداریش مایەی قەبوڵ نەبێت، بەهەرحاڵ.

– دەزگایەکی وەک 964 لە جیاتی ئەوەی وزەی خۆی لە شتانێکی عەوامپەرستانەدا خەرج بکات، دەکرێت ببێتە سەرچاوەیەک کە عەوامپەرستی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
….
وەرگرێکی 964 رەخنە لە بڵاوکردنەوەی چاوپێکەوتنەکەی مامۆستا هەڵۆ حەمەرەشید دەگرێت، وەک بڕوابوون بە بنەمای را و رای پێچەوانە، 964 دەقی رەخنەکان بەبێ هیچ دەستکارییەک وەک خۆی بڵاودەکاتەوە.

نامەیەکی کراوە بۆ 964 دەربارەی چاوپێکەوتن لەگەڵ مەلا هەڵۆ
بینەرێکی دڵسۆزی 964، ناوم نانووسم لەبەر هەژموونی گوتاری ئیسلامی تووندڕەو

پێش ئەوەی تێکڕای بەرنامە نزیک کاتژمێرەکە لەگەڵ مەلا هەڵۆ لە شەوی پێنج شەممەدا بڵاوبێتەوە، چەند گرتەیەک وەک ڕیکڵام لە پەیجی 964 لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پەخشکرا. لە هەر کامیاندا، وێنەی ئەو مەلایە زەق کرابوویەوە، و باسی “دەرکەوتنی زۆر جیاواز” و “درکاندنی نهێنی” و تاد کرابوو. لە گرتەکان و نووسینەکانیشدا حسێبی ئەوە کرا بوو کە ئەگەر ئەو یان ئەندامێکی سوپا ئەلیکترۆنییەکەی بەرچاویان کەوت، دڵیان ئەرخایەن بێت.

بەڵام با بزانین لەبەرامبەر ئەم زەقکردنەوەیەی مەلا هەڵۆ لە 964دا، مامەڵەی ئەو چۆن بووە؟ لە سێ پەیجی فەیسبووکی کە تەرخانن بۆ ئەو مەلایە، لە کاتی دانانی گرتەکان و تێکڕای ڤیدیۆکەش لۆگۆی 964 لێڵ (بلێر) کراوە، لە هەندێک گرتەشدا هەر بەتەواوی لادراوە (کەت). واتە ئەگەر 964 بە “شانازییەوە” ڕیکڵامی بۆ مەلاکە کردبێت، مەلاکە تەنانەت ڕێگەی نەداوە لۆگۆی 964ش لای خۆیەوە زەقبکرێتەوە.

دەکرێت هۆکاری جیاجیا لەپشت ئەم کارەوە هەبن، بەڵام بێگومان هۆکارێکیان ئەوەیە، ئەو مەلایە لە دەزگا میدیاییەکان زیاتر ڕێز لە پرەنسیپەکانی دەگرێت: نایانەوێت لۆگۆی دەزگایەک زەقبکەنەوە کە ڕەنگە شتی وەک خۆیان واتەنی “ناشەرعیشی”ی تێدا بڵاوبێتەوە. بەڵام دەزگا میدیاییەکان، لەبەرامبەر ڤیو و لایکی هەرزاندا باکیان بە هیچ پرەنسیپێک نەماوە.

مەلا هەڵۆ خۆی لە سەرەتای ئەم چاوپێکەوتنەدا، ئاماژە بەوە دەدات کە پێش 2010، کە هێشتا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەو بەربڵاوییە لەئارادا نەبوون، کەسێکی گومناو بووە، بەڵام دواتر “ئەم تەکنەلۆژیا پێشکەوتووانە بوونەتە دەرفەت بۆی” بۆ ئەوەی دەربکەوێت. ئەم قسەیە بەڵگەیەکی دیکەی هاوپەیمانی ناپیرۆزی تەکنۆلۆژیا و هێزە کۆنەپارێزەکانە بە پاڵپشتی دەزگا میدیاییە بێ پرەنسیپەکان.

کێشەکە تەنیا ئەوە نییە کە 964 بوار بۆ کەسێکی وەک ئەو مەلایە دەڕەخسێنێت، بەڵکو پێشکەشکاری بەرنامەکە تەنیا بەڵێ بۆ قسەکانی دەکات. دەکرا پێشکەشکارەکە لەجیاتی ئەوەی تەنیا بڵێت “ڕاستە مامۆستا” (کە چەندین جار ئەم وشانە دووپات دەکاتەوە) کۆمەڵێک پرسیاری بیرورووژێن و ورد و بەرپرسیارانەی لێ بکات. لانیکەم بۆ ئەوەی زەرەر لە نیوە گەڕابایەوە. کۆمەڵێک پرسیار کە نیشانمان بدا جیهانبینیی پێشکەشکارەکە شتێک لە هی ئەو مەلایە جیاوازە. لەجیاتیدا، “مامۆستا” وەک پەپولەیەکی بێ وەی و قسەخۆش و وەرزشدۆست نیشان دەدرێت.

دەکرا لەجیاتی ئەوەی کە 964 چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ ئەوە مەلایە سازبکات، داوایان لێ کردبا، ڕاستەوخۆ لە ماڵی خۆیەوە “وەعز”ێکان بۆ تۆمار بکات (یان زنجیرە “وەعزێک”) و ئەوانیش بە درێژایی ڕەمەزان ئەڵقە ئەڵقە بۆیان بڵاوکردبایەوە. بەم جۆرە ئەزێتی ڕیکۆرد و مۆنتاژیشان لە کۆڵ دەبوویەوە. ئەمە بۆیه دەڵێم چونکە چاوپێکەوتنەکە بێ پرسیارە، پێشکەشکارەکە تەنیا بەڵێ و ڕاستە بۆ قسەکانی “مامۆستا” دەکات، بۆیە لە کۆتایی بەرنامەکە وادیارە “مامۆستا”ش خۆشی لەم چاوپێکەوتنە هاتبێت و خەریکە دوعای خێریان بۆ بکات.

دەزگایەکی وەک 964 لە جیاتی ئەوەی وزەی خۆی لە شتانێکی عەوامپەرستانەدا خەرج بکات، دەکرێت ببێتە سەرچاوەیەک کە عەوامپەرستی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

مەلاکان هەزاران بڵندگۆ و پەیج و ئەکاونت و دەزگای تایبەت بە خۆیان هەیە، جگە لەوەی سوپایەک خۆبەخشیش بەخۆڕایی دەنگیان دەگەیەنن، هیچ پێویستیان بەوە نییە کە 964 زیاتر زەقیان بکاتەوە. ئەگەر 964یش پێی وابێت کە ئەوان پێویستیان بەو مەلایانەیە، ئەوا دەبێت پێداچوونەوە بە بەرنامەی کاریان بکەن. چونکە پێویستبوون بە یەکێکی وەک مەلا هەڵۆ، نیشانەی ئیفلاسی میدیاییە.

لێرەدا تەنیا پرسی فۆرم ئاماژەی بۆ کراوە، گەرنا هەر کام لە بۆچوونەکانی مەلاکە لەم بەرنامەیەدا مایەی مشتومڕن، ئەوەی دەربارەی خۆبەحەقزانین، کۆمەڵگا و ئایین و ژن دەیڵێت، ڕەنگە بۆ کەسانێکی ئاینداریش مایەی قەبوڵ نەبێت، بەهەرحاڵ.

لەم ساڵانەی ڕابردوودا، لە ناوەندە ڕۆشنبیرییەکاندا، زۆرجار باس لە ڕەخنە لە ئیسلامی سیاسی کراوە، بەڵام لەم باسانەدا خاڵێکی جەوهەری نادیدەگیراوە: ئیسلامی سیاسی بەکردەیی ئیسلامی کەلتورییە. با بڵێین، ڕاستە ئێستا ئەوان لە ڕووی سیاسییەوە حوکمڕان نین، بەڵام “گوتاری زاڵ”ی کۆمەڵگا گوتارێکی ئیسلامییە. ئیسلامییەکان بوونەتە ئەو ئۆتۆریتەیەی کە مەدلول (مانا) بە دالە بەتاڵەکان (زاراوەکان) دەدەن: ئەوان پێمان دەڵێن ئازادی چییە و دەبێت چۆن بێت؛ ژن دەبێت چی بپۆشێت و چی بکات و تاد.

ئەم هەژموونەی گوتاری ئیسلامی تەنیا ناگەڕێتەوە بۆ هەوڵی خۆیان، بەڵکو بۆ بوار ڕەخساندن و ڕێخۆشکردنیش لە لایەن کەس و ناوەندە بەناو ڕۆشنبیری و میدیاییەکانەوە.

"لە کوردستان قسەی حەق دەکرێت بەڵام کەس تەتبیقی ناکات"