گاره‌ به‌هۆی بێپاره‌یی له‌ خولی كوردستان كشاوه‌ته‌وه‌ و به‌ پاره‌ش سزادراوه‌

964+
هێڤی دێوالی – دهۆك

یانه‌ی گاره‌ به‌هۆی بێپاره‌ییه‌وه‌ له‌ خولی پله‌ی یه‌كی كوردستان كشایه‌وه‌، ئه‌مه‌ش وایكرد له‌ خولی پله‌ یه‌ك بۆ پله‌ دوو دابه‌زێندرێت و به‌ سێ ملیۆن دیناریش سزا بدرێت.

دوای كشانه‌ی یانه‌ی گاره‌ له‌ خولی پله‌ یه‌كی كوردستان بۆ تۆپی پێ، فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان به‌ پشتبه‌ستن به‌ رێنماییه‌كانی خۆی، یانه‌كه‌ی بۆ پله‌ دوو دابه‌زاند و به‌ بڕی سێ ملیۆن دیناریش سزادرا، هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م ئه‌نجامه‌كانیشی له‌ خولی پله‌ یه‌ك سڕایه‌وه‌.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ یانه‌كه‌ به‌هۆی بێپاره‌یی و نه‌دانی مووچه‌ی یاریزانه‌كانی له‌ خوله‌كه‌ كشاوه‌ته‌وه‌.

بێوار شێروان به‌رپرسی راگه‌یاندنی یانه‌ی گاره‌، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 12ـی كانوونی دووه‌م، به‌ 964+ی وت: یانه‌كه‌مان به‌هۆی بێپاره‌یی و نه‌بوونی هیچ داهات و پشتیوانییه‌ك له‌ خولی پله‌ یه‌ك كشایه‌وه‌، یاریزانه‌كان زیاتری دوو مانگه‌ مووچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌، بۆیه‌ ئاماده‌نه‌بوون به‌بێ به‌رامبه‌ر بۆ تیپه‌كه‌ یاری بكه‌ن”.

وتیشی “هه‌ر به‌م هۆیه‌وه‌ فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان ئێمه‌ به‌ دابه‌زاند بۆ پله‌ دوو و به‌ سێ ملیۆن دیناریش سزادراوین”.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان رێنمایی هه‌یه‌ هه‌ریانه‌یه‌ك له‌ خولێك پاشه‌كشێ بكات، بۆ پله‌یه‌ك نزمتر داده‌به‌زێندرێت و به‌ بڕه‌پاره‌یه‌كیش سزا ده‌درێت.