لێدوانە جیاوازەکان

“هەژماری من” گرێ کوێرەی لێدوانەکانی ئەمڕۆی نێوان هەرێم و بەغدا

964+

فەهمی نەبی

لە دووکاتدا لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ وەزیری دارایی حکومەت لە بە‌غدا لە کۆبونەوە بوون و باس باسی پڕۆژەی (هەژماری من) بووە، لەهەمان کاتدا لە هەولێریش ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە کۆبوونەوە بووە و باسی ئەو پڕۆژەیەی کردووە.

ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت:  هیچ رێگرییەک نییە بۆ پشت بەستن بە پڕۆژەی (هەژماری من) کە پڕۆژەیەکی گرنگ و پێشکەوتووی بانکییە و هاوشێوەی پرۆسەی (توطين)ە و تێچووەکەشی کەمترە و خزمەتگوزاریشی زیاترو باشترە و لە ژێر سەرپەرشتی و رێگەپێدانی بانکی ناوەندی عێراق کراوە، بۆیە دەبێ مووچەخۆرانی هەرێم، لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و (هەژماری من)ەوە، مووچەی خۆیان وەربگرن وسوودمەندبن لە زۆر خزمەتگوزاریی بانکیی و پێدانی پارە و تەنانەت وەرگرتنی ئاسانکاریی قەرز.

سەبارەت بە بەردەوامی پرۆسەکە ئەوەش هاتووە، پرۆسەکەش بەردەوامە و بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ، هەموو مووچەخۆرانی هەرێم، حیسابی بانکیان بۆ بکرێتەوە، ئەو بانکانەی لە ( هەژماری من)یش بەشدارن، مۆڵەتپێدراوی بانکی ناوەندی عێراقین و بەشێکن لە پرۆسەی ( توطين) کە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق کراوە.

لە کۆبونەوەکە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم وتویەتی، “داوای تەمویلکردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ کردبوو بەبێ جیاوازیی بۆ مانگی شوباتی 2024 بە بڕی ( 949,813,146,170) ملیار دینار، بەڵام وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ تەنيا بڕی 569 ملیار و 219 ملیۆن دیناری تەمویل کردووە کە دەکاتە ڕێژەی تەنيا (%59) لە کۆی گشتی مووچەی هەرێم و ئەمەش وا دەکات کە کورتهێنان لە پێدانی مووچەی هەرێم بۆ مانگی شوبات دروست ببێت”.

ئەمڕۆ لەکاتێکدا ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە کۆبوونەوە بووە لە هەمان کاتتدا لە بەغدا لیژنەی دارایی لەگەڵ وەزیری دارایی حکومەتی عێراق لە کۆبوونەوە بوون، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بەتەواوی کارکردن بە پڕۆژری “هەژماری من”ی رەتکردوەتەوە، نەرمین مەعروف، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لەکۆبوونەوەکە بەشدار بوو بە 964ـی راگەیاند، وەزیری دارایی رەتیکردەوە کار بە سیستمی “هەژماری من” بکەن، بەڵکو باس لە کۆمپانیایەک کراوە کە رایگەیاندووە دەتوانێت لە 15 رۆژدا سەرجەم موچەخۆرانی هەرێم بکاتە خاوەنی کارتی بانکی.

رۆژی 2.2.2023 دەستپێشخەریی (هەژماری من) له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ راگه‌یاندرا، کە بەرنامەیەکی گشتگیری داراییە بۆ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و خانەنشینان.

بەگوێرەی داتاکانی حکومەتی هەرێم، تا ئێستا زیاتر لە 240 هەزار هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێم دروستکراون و زیاتر لە 120 هەزار کارتی بانکی دابەش کراون بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی بەشداری هەژمارەکەیان کردووە.

بانکە بەشداربووەکانی پڕۆژەی (هەژماری من) بریتین لە بانکەکانی ( BBAC, Cihan, NBI ،RT)، دوێنێ سێشەممە حکومەتیی هەرێم رایگەیاند بانکی ئیسلامیی عێراق (IIB – Iraqi Islamic Bank) هاتووەتە ناو پڕۆژەکە هاوکات پێشبینی دەکات تا کۆتایی ئەم مانگە بانکە گەورەکانی دیکەش بەشداری بکەن.

حکومەتی هەرێم: تا کۆتایی ساڵ زیاتر لەملیۆنێک موچەخۆر د...

حکومەتی هەرێم: تا کۆتایی ساڵ زیاتر لەملیۆنێک موچەخۆر دەبنە خاوەن هەژماری من

نەرمین مەعروف: وەزیری دارایی سوور بوو لەسەر ئەوەی مووچ...

نەرمین مەعروف: وەزیری دارایی سوور بوو لەسەر ئەوەی مووچەی مانگی سێ نانێرێت

ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە وەزارەتی دارایی وئابووری و شاندی دانوستانکاری بودجە بۆ ئەو ڕێکارانە، لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە نابێت هیچ لەم ڕێکارانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ، ببنە مایەی بێبەشکردنی مووچەخۆرانی هەرێم لە لەمووچەکانیان کە شایستەی دارایی خۆیانە و دەبێت هاوشێوەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێ، بۆیە جەخت دەکەینەوە کە پێویستە مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکرێت و نابێت مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بێبەش بکرێن لە ماف و شایستەی دارایی خۆیان، چونکە ئەمە مافی دەستوریی و یاسایی مووچەخۆرانی هەرێمە و نابێت تێکەڵی هیچ ناکۆکیەکی نێوان هەردوو حکومەت بكرێ و کۆسپ و تەگەرە بخرێتە بەردەم خەرجکردنی.

ئەنجومەنی وەزیران جەختیشی کردەوە کە وەک چۆن مووچەخۆرانی عێراق ، ئازادن لە هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی ئەو بانکانەی حیسابی لێ دەکەنەوە، بە هەمانشێوە، پێویستە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش، ئازادبن کە لە چوارچێوەی ( هەژماری من)دا، لە چ بانکێک حیساب بکەنەوە. کە ئێستا پێنج بانک بەشدارن لە پرۆژەکە و لە ماوەیەکی نزیکیشدا، چەندین بانکی تریش دەبنە بەشێک لە پرۆژەکە.