بەبێ هەژماری بانکیی موچەخۆران

نەرمین مەعروف: وەزیری دارایی سوور بوو لەسەر ئەوەی مووچەی مانگی سێ نانێرێت

964+

پێشەوا محەمەد

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، وەزیری دارایی سووربوونی خۆی لەسەر نەناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوپاتکردووەتەوە بێ بوونی هەژماری بانکیی موچەخۆران.

نەرمین مەعروف، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە 964ـی راگەیاند، وەزیری دارایی رەتیکردەوە کار بە سیستمی “هەژماری من” بکەن، بەڵکو باس لە کۆمپانیایەک کراوە کە رایگەیاندووە دەتوانێت لە 15 رۆژدا سەرجەم موچەخۆرانی هەرێم بکاتە خاوەنی کارتی بانکی.

سەبارەت بەوەی بۆچی بۆ موچەی مانگی دوو 618 ملیار دینارەکەیان نەناردووەتە هەرێم، نەرمین مەعروف وتی، “وەزیری دارایی وتی بەپێی ئەو لیستەی بەدەستیان گەیشتووە موچەیان ناردووە و لیستی هێزە ئەمنییەکانیان بۆ نەنێردراوە، مانگی یەکیش کە 618 ملیار نێردراوە بەپێی لیستی موچە نەبووە، بەڵکو وەک پشکی هەرێم لە بوودجەدا نێردراوە”.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش دا، وەزیری دارایی پێی وتوون رێگر نییە لە دابەشکردنی موچە بەسەر هێزە ئەمنییەکانی هەرێمدا، بەڵام دەبێت لیستی موچەخۆرەکانیان بەدەست بگات.

دوێنێ سێشەممە دادگای فیدڕاڵی لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، هەرێم و بەغدا هەماهەنگی بکەن بۆ دروستکردنی کارتی بانکیی موچەخۆران و هەر وەزارەتێک تەواو نەبووبوو پارەی بە کاش پێ بدرێت تا پڕۆسەکە تەواو دەکرێت.

نەرمین مەعروف وتیشی، “وەزیری دارایی سوور بوو لەسەر ئەوەی مانگی سێ بەبێ هەژماری بانکی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نانێرێت، روونکردنەوەکەی دادگای فیدڕاڵیش هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پێشووی نییە بۆ دروستکردنی کارتی بانکیی فەرمانبەران، بەڵکو داوای کاتی زیاتر دەکات”.

ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێی دابەشکردنی موچە دەکات

ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێی دابەشکردنی موچە دەکات