964+
وردەکاری رووداوی تەقینەوەی مینەکە
یەکێکیان گیانی لەدەستداو ئەویتر هەردوو قاچی پەڕیوە
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
کەمێک پێش ئێستا 964 بڵاویکردەوە لە نزیک پێنجوێن مین بە دوو کەسدا تەقیوەتەوە، یەکێکیان گیانی لەدەستداوەو ئەوەی تریشیان بریندارە، پەیامنێری 964 لە پێنجوێن زانیاری زیاتری دەستخست، ئەمە وردەکارییەکەیە:
کاتژمێر یەکی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو گەنج چوونەتە شاخی ئاسن کوڵێن لە پێنجوێن، مینێکی جۆری ڤاڵمارا پیایاندا تەقیەوەتەوە، یەکێکیان دەمودەست دەست گیانی لەدەستداوەو ئەوەی تر هەردوو قاچی پەڕیوە، یەکێکیان لە سەروو ئەژنۆیی و ئەوی دیکەیان لەخوار ئەژنۆیەوە، دەستیشی شکاوە، بۆیە رەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراوە.
مینی ڤاڵمارا مینێکی دژە کەسی ئیتاڵییەو بە مەترسیدارترین جۆرەکانی مین دادەنرێت.
سەرچاوەیەک لە دەزگای مین بە 964ی وت ”ئەو ناوچەیە مین رێژەو دوو گەنجەکە بەمەبەستی کۆکردنەوەی ئاسن چوونەتە ئەوێ بۆ ئەوەی بژێوی ژیانیان دابین بکەن”.
هێشتا ناوی تەواوو تەمەنی دوو گەنجەکە نەزانراوە، چونکە بەتەواوی نەناسراونەتەوە.
د.خالید عەبدوڵا، پزیشکی دادی لە نەخۆشخانەی گشتی قەزای پێنجوێن بە 964ی وت ”بەهۆی تەقینەوەی مینەکەوە ناسنامەی دوو گەنجەکە سووتاون، ناوو تەمەنیان هێشتا نازانین”.
دکتۆر خالید وتیشی ”ئەو گەنجەی گیانی لەدەستداوە پارچە بەر سەری کەوتووە و ئەوەی دیکەشیان بەسەختی برینداربووە، بەڵام توانیومانە مەترسی لەسەر ژیانی نەهیڵن و دوای ئەنجامدانی رێکاری پزیشکی لە ئێستادا رەوانەی سلێمانی کراوە”.
لە دەوروبەری پێنجوێن کێڵگەی مینی زۆر هەن، زۆربەی ئەو ناوچەیە کاتی شەڕی عێراق ئێران مینڕێژکراون، بەپێی حیساباتی دەزگای مین ئەو رووبەرەی لە پێنجوێن مینڕێژکراوە 58 ملیۆن و 366 هەزار و 665 مەتر دووجا دەبێت، بەڵام تەنیا 18 ملیۆن و 103 هەزار و 120 مەتر دووجا بە تەواوی پاککراوەتەوە.