نزیکەی 50 کەس سوودمەند دەبن

ئەو هەڵەبجەییانەی پرۆژەیان هەیە تا 35 وەرەقەیان پێدەدرێت

ژووری هەواڵ

رێکخراوێکی عێراقی هەلی کار بۆ گەنجانی هەڵەبجە دەدۆزێتەوە و بە هاوکاری دارایی و پێدانی دوو تا سێ هەزار و 500 دۆلار، پاڵپشتی پرۆژە بچوک و مامناوەندەکانیان دەکات.

پڕۆژەکە لەلایەن وەزارەتی فیدراڵی ئەڵمانیا بۆ هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری (BMZ) هاوکاری دارایی کراوە و لەلایەن رێکخراوی GIZـی ئەڵمانی بۆ هەڵەبجە و نەینەواش جێبەجێ دەکرێت و چەند پێوەرێکی گشتی بۆ فراوانکردنی پرۆژەی بچوک و مامناوەند دیاریکراوە.

بەگوێرەی پێوەرەکان دەبێت تەمەنی پێشکەشکار بۆ دامەزراندنی پڕۆژەی بچووک لە نێوان 18 بۆ 35 ساڵ بێت و لە هەڵبژاردنی پڕۆژەکاندا ئەو پڕۆژانەی کە خاوەنداری دەکرێن لەلایەن گەنجان و خانمان و خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان گرنگی زیاتریان پێدەدرێت.

فریاد نەجمەدین بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی هەڵەبجە بە 964ـی وت، “ئەو گەنجانەی کە تازە پرۆژەکانیان دەستپێدەکەن نزیکەی 20 وەرەقەیان پێدەدرێت، ئەوانەشی کە پرۆژەیان هەیە و دەیانەوێت فراوانی بکەن نزیکەی سێ هەزار و 500 دۆلار وەردەگرن و لێشیان وەرناگیرێتەوە، بەڵام بەمەرجێک سوود لە پارەکە وەربگرن”.

بە وتەی فریاد نەجمەدین، 45 بۆ 50 کەس لە هەڵەبجە سوودمەند دەبن.

بۆ پڕۆژەی دەستپێک کە پڕۆژەی بچوک و مامناوەند دەگرێتەوە هەڵەبجەییەکان دەتوانن بچنە سەر ئەم لینکە و فۆڕمەکە پڕبکەنەوە. بۆ فراوانکردنی پرۆژەش کلیک لێرە بکەن.