65 کەس فەرمانى دەستگیرکردنیان هەیە

نوێنەرى خۆپیشاندەرانى گەڕەکى عەرەفەى کەرکوک دەستگیرکرا

964+

کاروان ساڵحی-کەرکوک

نوێنەرى دانیشتوانى گەڕەکى عەرەفەى کەرکوک لە بازگەى چیمەن دەستگیرکرا و دانیشتوانى گەڕەکەکەش دەڵێن: ناوێرین لە کەرکوک بچینە دەرەوە، چونکە دەستگیرمان دەکەن.

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، لەسەر سکاڵای کۆمپانیای نەوتی باکور، فەرهاد بایز نوێنەری خۆپیشاندەرانی گەڕەکی عەرەفە لە بازگەی چیمەن دەستگیرکرا.

بیلال حەمە شەریف، دانیشتویەکى گەڕەکەکەیە و قسەى بۆ 964 کردووە و وتى،” لە 28.12.2023ەوە، فەرمانى دەستگیرکردن بۆ 65 کەس لە دانیشتوانى گەڕەکەکە دەرچووە، هەر بۆیە ئەمڕۆ فەرهاد بایز، نوێنەرى گەڕەکەکەمان کە بەهۆى نەخۆشکەوتنى هاوسەرەکەى چووەتە سلێمانى، لە بازگەى چیمەن دەستگیرکراوە.

بە وتەى  بیلال حەمە شەریف، دوو مانگە لە ترسى دەستگیرکردنیان نەیانتوانیوە لە کەرکوک دەربچن و سەفەر بکەن، وەک خۆى دەڵێت،”حکومەت دوژمنکارانە لە دژمان وەستاوەتەوە، لە کاتێکدا هیچ تاوانێکمان نەکردووە و لەناو ماڵى خۆمان دانیشتوین”.

لەدژى سکاڵایەکى کۆمپانیاى نەوتى باکور، نزیکەى دوو مانگە دانیشتوانى گەڕەکى عەرەفەى کەرکوک خێمەیان هەڵداوە و ناڕەزایەتى دەردەبڕن، چونکە کۆمپانیاکە داواى کردووە دانیشتوانى کوردى گەڕەکەکە خانووەکانیان چۆڵ بکەن.

لە سکاڵاى کۆمپانیاکەدا هاتووە، دانیشتوانى گەڕەکەکە لە دواى گەڕانەوەیان لە ساڵى 2002 چونەتە ناو ئەو خانوانە کە موڵکى وەزارەتى نەوتى عێراقن، بەڵام دانیشتوانى گەڕەکەکە ناڕازین و بڕیاریانداوە چۆڵى ناکەن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

سکاڵا لە دژی 70 خێزانی گەڕەکی عەرەفەی کەرکوک تۆمارکرا

سکاڵا لە دژی 70 خێزانی گەڕەکی عەرەفەی کەرکوک تۆمارکرا