ڤێترنەری دەڵێت خێرا سەردان بکەن
دەردی نەورەسەکان باڵندە و پەلەوەرەکانی خورماتووی گرتووەتەوە
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
چەند رۆژێکە نەخۆشییەکی کوشندە پەلەوەر و باڵندەکانی قەزای خورماتووی گرتووەتەوە و هاوڵاتیان داوا دەکەن چارەسەر بۆ پەلەوەر و باڵندەکانیان بدۆزرێتەوە.
لەو چەند رۆژەدا ژمارەیەکی زۆری قەل و قاز و مریشک و چۆلەکە مرداربوونەتەوە.
زینە حەیدەر، بەڕێوەبەری بەشی ڤێرتێرنەری خورماتوو بە 964ـی وت، “ئەوان ئاگاداری ئەو حاڵەتە نین و کەسیش سەردانی نەکردوون بۆ سەرهەڵدانی ئەو نەخۆشییە”.
وتیشی، “هەر کەسێک خاوەن باڵندە و پەلەوەرە و تووشی هەمان نەخۆشی بوون، بە زووترین کات سەردانیان بکەن و ئەو ئاژەڵ و باڵندانەش کە تووشی نەخۆشییەکە بوون لەگەڵ خۆیان بیهێنن، بۆ ئەوەی پشکنینی بە پەلەیان بۆ ئەنجام بدرێت و جۆری نەخۆشییەکە بدۆزرێتەوە”.
بەپێی وتەی هاوڵاتیان، نیشانەکانی نەخۆشییەکە، لە قەلەکاندا سەرەتا دەم و چاویان ھەڵدەئاوسێ و قاچیان دەشکێنێت و مردار دەبنەوە، قازەکانیش بە ھەمان شێوە باڵیان دەشکێنێت و ناتوانن لەسەر قاچیان بووەستن و دوای ماوەیەکی کەم مردار دەبنەوە، مریشکەکانیش کتوپڕ و بەسەر ھێلکەوە دەکەون و مرداردەبنەوە.
هەفتەی رابردوو نەخۆشییەکی کوشندە نەورەسەکانی دوکانی گرتەوە و سەدان نەورەس مرداربوونەوە و تاکو ئێستا چارەسەری نەدۆزراوەتەوە.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد