راهێنه‌ری فێرگه‌ی رێكخراوی ژیما دەستگیر نەکراوە

964+
ئاودێر عومه‌ر – سلێمانی

دوای ئه‌وه‌ی دوێنێ شەو دەنگۆیەک بڵاوبووه‌وه‌، كه‌ راهێنه‌ری فێرگەیەکی باسكه‌ی كچان به‌هۆی به‌كارهێنانی ماده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستگیركراوه‌ و فێرگه‌كه‌ش داخراوه‌، 964+ سۆراغی راستیی ئه‌م هه‌واڵه‌ی كرد و له‌ نزیكه‌وه‌ په‌یوه‌ندیدارانی بابه‌ته‌كه‌ی دواند.

هه‌واڵه‌كه‌ وابڵاوكرایه‌وه‌، كه‌ رزگار محه‌مه‌د سه‌رۆكی رێكخراوی ژیما و راهێنه‌ری ئه‌كادیمیای باسكه‌ی رێكخراوه‌كه‌ به‌هۆی به‌كارهێنانی ماده‌ی هۆشبه‌ره‌وه‌ ده‌ستگیر كراوه‌ و دواتریش رێكخراوه‌كه‌ی داخراوه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 11ـی كانوونی دووه‌م، تیمی 964+ سه‌ردانی هۆڵی فێرگه‌ی ژیمای كرد.

رزگار محه‌مه‌د، كه‌ راهێنه‌ری تیپی كچانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراقیشه‌، بۆ 964+ وتی “دوێنێ ئێمە سەرقاڵی مەشق و راهێنانه‌كانی هەڵبژاردەی عێراق بووین له‌ فێرگه‌كه‌مان، له‌ لایه‌ن كه‌سانی نزیكی خۆمه‌وه‌ تەلەفونم بۆ کرا و پرسیاری ده‌ستگیركردنمم لێكرا، دیاره‌ هه‌واڵێك له‌ باره‌ی منه‌وه‌ بڵاوكرابووه‌وه‌ و نیازیان ئه‌وه‌بوو ناشیرینم بكه‌ن، چونكه‌ من راهێنه‌ری ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ یاریزانی كچم”.

وتیشی “ئه‌مه‌ چەندین جاره‌ ده‌یانه‌وێت ناشیرینم بكه‌ن، پێویسته‌ رۆژنامەنووس بزانێت چی بڵاودەکاتەوە، ئەمە مه‌ترسییه‌كی گەورەیە بۆ سلێمانی، من ئەو کەسانە ناناسم و لە رێگه‌ی فیدراسیۆنی باسکەی عێراقەوە پەیوەندیمان بە لایەنی ئەمنییەوە کردووە، بۆ ئه‌وه‌ی لە بابەتەکە بکۆڵنەوە”.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌، بیلال مەولود ئەندامی فیدراسیۆنی باسکەی عێراق و سەرۆکی لقی سلێمانیی فیدراسیۆنه‌كه‌ بۆ 964+ قسه‌ی كرد.

“هەواڵەکەمان بیست و شۆک بووین، چونکە شوێنی ئەکادیمیا باسکراوە، ئێمە شوێنی وامان نییە، تەنیا سێ شوێن هەیە، ژیما و تیپی وەرزشی دەربەندیخان و یانەی وەرزشی ئەفرۆده‌یت، لەگەڵ یانەی وەرزشی پێشمەرگە، کە لە ژێر چاودێریی لقی سلێمانی فیدراسیۆنی باسكه‌ و هه‌ڵبژارده‌ی عێراقدان”.

وتیشی “ئێمە بە گومانەوە لێی دەڕوانین، ئەمڕۆ لە رێگەی پۆلیس و دەزگای ئاسایشەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت”.

له‌ لای خۆیه‌وه‌ ئاسایشی سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا سەبارەت بەو گومانانە راگه‌یاندراوێكی بڵاوکردەوە، كه‌ بەڕێوەبەری نەهێشتنی مادە هۆشبەرەكان لە ئاسایشی ‏سلێمانی وەڵامی ئەو دەنگۆیە دەداتەوە.

مەریوان عەلی، بەڕێوەبەری نەهێشتنی مادە هۆشبەرەكان لە ئاسایشی سلێمانی رایگه‌یاند، بەدواداچوونی وردیان بۆ بڵاوكردنەوەی ئەو هەواڵە كردووە و ‏پەیوەندیان بە چەندین یانە ‌و تیمی وەرزشیی باسكەی كچان لە سلێمانی ‏كردووە، بەڵام هیچیان دەستگیر نەکراون.

رێکخراوی ژیما لە ساڵی 2016 له‌ لایه‌ن رزگار محه‌مه‌د دامەزراوە، لە ماوەی ساڵێکدا بوون بە نوێنه‌ری هەڵبژاردەی عێراق، لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا بەشداری هەموو پێشبڕكێیه‌كاین كچانیان كردووه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ ئاستی تازەپێگەیشتووان.

تیمه‌كه‌ی باسكه‌ی رێكخراوه‌كه‌، سەرەتا 45 یاریزان بوون، ئێستا 110 یاریزانیان هەیە لە کچ و کوڕ، هه‌روه‌ها منداڵی ئۆتیزم و داونیش له‌وێدا وه‌رزش ده‌كه‌ن.