یانەی گارە لە خولی پلە یەکی کوردستان دەرکرا

964+
به‌شی كوردی

فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان یانه‌ی گاره‌ی به‌ قورسی سزا دا، دوای ئه‌وه‌ی یانه‌ له‌ ركابه‌رییه‌كانی خولی پله‌ یه‌كی كوردستان كشایه‌وه‌.

فیدراسیۆنه‌كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشەممە 11ـی كانوونی دووه‌م، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌ باره‌گه‌ی خۆی له‌ هه‌ولێر ئه‌نجامدا و كۆمه‌ڵێك بڕیار و راسپارده‌ی نوێی راگه‌یاند.

یه‌كێك له‌ بڕیاره‌كانی فیدراسیۆنه‌كه‌، دابه‌زاندنی یانه‌ی گاره‌ بوو بۆ پله‌ دووی كوردستان و سڕینه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌نجامه‌كانی له‌ خولی پله‌ یه‌ك، هه‌روه‌ها پێبژاردنی بڕی سێ ملیۆن دینار، ئه‌مه‌ش به‌هۆی پاشه‌كشه‌ی یانه‌كه‌ له‌ خولی پله‌یه‌كی كوردستان.

فیدراسیۆنی كوردستان هه‌ر ئه‌مڕۆ بڕیاری داوه‌، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری سه‌رجه‌م یانه‌ پله‌ نایاب و پله‌ یه‌كه‌كانی كوردستان، له‌ رۆژی 18ـی ئه‌م مانگه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتی وه‌رزش له‌ هه‌ولێر ئه‌نجام بدات.

جه‌لال سه‌عید وته‌بێژ و ئه‌ندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان زانیاریی زیاتری به‌ 964+ی راگه‌یاند “ئه‌م وه‌رزه‌ش وه‌ك وه‌رزی رابردوو “پاڵه‌وانیه‌تیی جامی كوردستان” ئه‌نجام ده‌ده‌ین، داوا له‌ هه‌موو یانه‌كان ده‌كه‌ین بۆ به‌شداریكردن به‌ نووسراو ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌”.

وتیشی: به‌شداریكردنی یانه‌كان له‌ جامی كوردستان ئاره‌زوومه‌ندانه‌یه‌، ته‌نیا یانه‌ بۆ پله‌ نایابەکان به‌شداریكردنه‌كه‌ زۆره‌ملێییه‌”.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان له‌ ساڵی 2006 دامه‌زراوه‌ و سه‌رپه‌رشتی سه‌رجه‌م خوله‌ و پاڵه‌وانیه‌تییه‌كانی تۆپی پێی یانه‌كان له‌ كوردستان ده‌كات، جگه‌ له‌وه‌ ساڵانه‌ چالاكی و خول و وۆركشۆپی جیاجیاش بۆ پێشخستنی ئاستی راهێنه‌ران و ناوبژیوانان و سه‌رپه‌رشتیارانی یارییه‌كان ئه‌نجام ده‌دات.