هەواڵەکان

موچه‌ دواناكه‌وێت و عێراق هێزی زیاتر دەنێرێتە سنوور

964+

ژووری هەواڵ

سەبارەت بە موچەخۆرانی هەرێم، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی، قسه‌ى كردووه‌ و دەڵێت، دواکەوتنی موچەی موچەخۆران پێچەوانەی دەستوورە و دەبێت لەکاتی خۆیان موچە وەربگرن.
جاسم عومێری، ئەمڕۆ قسەی بۆ ئاژانسی دەنگوباسی عێراق کردووە، دەڵێت ”ئەگەر وەزارەتی دارایی هەرێم ئامادە نەبێت هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا بکات، ئەوا فەرمانگە لاوەکییەکانی هەرێم راستەوخۆ دەتوانن لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق هەمەهەنگی بکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەیان”.
ده‌شڵێت، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەرۆکی حکومەتی ناوەندى و سەرۆکی حکومەتی هەرێمى پابەندکردووە بە جێگیرکردنی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و سودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی لەلای بانکە فیدراڵییەکان و ئەمەش لە بەشە بوجەی هەرێم دەبڕدرێت.

دوو شەو و دوو رۆژە، گردبوونەوەى شۆفێرە بارهەڵگرەکانى مەرزى سەیرانبەن لە دەروازەى قەزاى پێنجوێن بەردەوامە و چادریان هەڵداوە، دەشڵێن ”ناڕۆینەوە بۆ ماڵەوە تا داواکارییەکانمان جێبەجێ دەکرێن”.
بڕیاردراوە، چیتر بارهەڵگرانى دوکانەکانى عەلوەى سلێمانى لە مەرزى سەیرانبەنەوە میوە نەیەنن و بیگوازنەوە بۆ دەروازەى باشماخ، ئه‌مه‌ش شۆفێرانى ئه‌م مەرزه‌ى نیگه‌ران كردووه‌ دەڵێن، ئەگەر ئەوە سەربگرێت بێکار دەبن.
سەباح مەعروف، بەڕێوەبەری ناحیەی گەرمک، بڕیارى گۆڕینى بارەکانى عەلوە لە سەیرانبەنەوە بۆ باشماخ بە فەرمانى وەزیرى گواستنەوە و گەیاندن بووە، بەڵام داوایان له‌ وەزارەت کردووە تا بڕیارەکە هەڵوەشێنێتەوە و ده‌ڵێت، چاوەڕێى وەڵامین.

وەزیرى ناوخۆى عێراق به‌ پێویستى ده‌زانێت هێزی زیاتر لەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان جێگیر بکرێن، کە سوپای تورکیای لێیە و بڕیاریانداوە ئەفسەر و پاسەوانى زیاتر لە سنوورى سلێمانى جێگیر بکەن.
ئه‌مڕۆ، عەبدولئەمیر شممەرى، وەزیرى ناوخۆى عێراق رایگەیاند، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان لە ئاستێکى باشدایە و “کۆنتڕۆڵکردنى سنوورەکانى وڵاتەکەى گرنگترین خاڵە بۆ رێگریى لە بازرگانى مادەى هۆشبەر”.
به‌قسه‌ى وه‌زیری ناوخۆ، بە رێژەى 95% سنوورەکانیان کۆنتڕۆڵکردووە و ده‌شڵێت، دەمانەوێت رێگاى زیاتر بکەنەوە تا هێزەکانمان بچنە ئەو شوێنانەى کە خاکى عێراقن.