ژمارەیان نزیکەی 1000 کەسە

“گرفتی نەگەڕانەوەی عەمرەکارانی کورد چارەسەرکرا”

964+

پێشەوا محەمەد

نزیکەی هەزار عەمرەکاری کورد لە وڵاتی سعودییە بەهۆی نەبوونی فڕۆکەوە ناتوانن بگەڕێنەوە، حەج و عەمرەی هەرێمیش دەڵێت، لەسەرخەتن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەندامێکی پەرلەمان بێت فرۆکەیان بۆ دابین کراوە و تا سبەی سەرجەمیان دەگەڕێنەوە.

ئەو عەمرەکارانە هەیانە پێنج رۆژ و هەیانە 15 رۆژە چاوەڕوانی گەڕانەوەیە بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام تازە هەوڵی چارەسەر دراوە و حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان و هێڵی ئاسمانی عێراقی فڕۆکەیان بۆ دابین کردوون.

کاروان ستوونی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عەمرەی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، لەسەرخەتین تا بزانین بە تەواوی چەند عەمرەکارن، پێشتر سێ هێڵی فڕۆکەوانی ئەو عەمرەکارانەیان دەگواستەوە، بەڵام ئێستا تەنیا هێڵی فڕۆکەوانیی عێراق ئەو کارە دەکات و ئەویش لۆدێکی زۆری لەسەرە.

ئەوە لە کاتێکدا، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 29.2.2024، كاروان یاروه‌یس ئه‌ندامی لیژنه‌ی گواستنه‌وه‌ له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، كێشه‌ی ئه‌و عەمره‌كارانه‌ی به‌هۆی نه‌بونی فڕۆكه‌وه‌ له‌ سعودیه‌ گیریانخواردبوو، چاره‌سه‌ركرا و ئه‌مڕۆ قۆناغی یه‌كه‌میان و سبه‌ینێش هه‌ردوو قۆناغی دووه‌م و سێیه‌میان ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه‌.

كاروان یاروه‌یس له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ 964 نێردراوه‌ ئەوەشی وتووە، دوابه‌دوای داواكاری عەمره‌كاران له‌باره‌ی نه‌بونی فرۆكه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان له‌ سعودیه‌وه‌ بۆ عێراق، دوێنێیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و هێڵی ئاسمانی عێراقی له‌هه‌وڵدانین، ئه‌مڕۆ فڕۆكه‌یه‌ك بۆ قۆناغی یه‌كه‌م دابینكراو سبه‌ی قۆناغی دوه‌م و سێیه‌م چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.

سه‌باره‌ت به‌هۆكاری سه‌ره‌كی كێشه‌كه‌ش، كاروان یاروه‌یس ئاشكرایكردووه‌، كێشه‌كه‌ به‌هۆی كه‌می تیمی فڕۆكه‌وانیه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ و چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.

عەمرەكارانی هەرێمی كوردستان لە سعودیە گیریان خواردوە

عەمرەكارانی هەرێمی كوردستان لە سعودیە گیریان خواردوە