نرخی عەمرە کەم کرایەوە

964+

توانا نەقی – هەولێر

لە کۆڕبەندی حەج و عەمرەی سعودییە،  بڕیار لە سەر کەمکردنەوی بیمەی ڤیزای عەمرەکار بە بڕی 60 هەزار دینار درا.

کاروان ستونی، وتەبێژی بەڕیوەبەرایەتی حەج و عەمرەی هەرێم بە 964+ی وت “وەزارەتی حەجی سعودییە لە نۆی ئەم مانگە، لە کۆڕبەندێکی تایبەتدا بە ناوی “ئێکسپۆ حەج” چەند بڕیارێکی دەرکرد، یەکێک لە بڕیارەکان کەمکردنەوەی پارەی بیمەی عەمرەکار بوو.

وتیشی، ئەو پارەی بیمەیە کە عەمرەکار لە وەرگرتنی ڤیزا دەیدات، لە 235 ریالی سعودییەوە کەم کراوەتەوە بۆ 89 ریال، واتە بڕی 60 هەزار دینار بە پارەی عێراقی کەم کراوەتەوە.

964+ دەزانێت، بڕیارەکەی وەزارەتی حەجی سعودییە، لە دوێنێوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لەسەر نرخی عەمرە کاروان ستونی، دەڵێت: کۆمپانیاکانی حەج و عەمرە ژمارەیان 150 کۆمپانیایە لە کوردستان، ئەوەش کاریگەری کردووە لەسەر نرخ، ئێستا گەشتێکی عەمرە تەنیا 650 دۆلاری تێدەچیت جگە لە خەرجی تایبەتی بەڵام لە ماوەکانی پێشوو هەزار دۆلاری تێدەچوو.

کۆڕبەندەکە، تەواوی ئەو رێکارانە کە بەهۆی کۆرۆناوە جێبەجێ دەکران، بڕیاری هەڵگیرانی درا، هەروەها مەرجی تەمەنیش هەڵگیرا.

کۆڕبەندی وەزارەتی حەج و عەمرەی سعودییە، ساڵانە لە وڵاتە بە ڕێوەدەچیت و پار ساڵ شاندی هەرێم بەشدار بوون لە کۆڕبەندەکەدا.