"87 توێژینەوە گەیشتووە"

مانگی ئایار مەولەویناسان لە سلێمانی کۆدەبنەوە

964+

فەهمی نەبی

بڕیارە لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لەبواری مەولەویناسی بەڕێوەبچێت، تا ئێستا 87 توێژینەوە لە ئەمریکا و ئەڵمانیاو چەندین وڵاتێکی دیکە بۆ لیژنەی زانستی کۆنفراسەکە هاتوون و ئێستا لە پرۆسەی هەڵسانگاندنن.

د.یۆهان عوسمان وتەبێژی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی مەولەویناسی بۆ 964 وتی، لە سەرەتای مانگی 11ی ساڵی رابردووەوە ئاگادارییەک بڵاوکرایەوە بۆ وەرگرتنی توێژینەوە لەبارەی مەولەوی، تا مانگی شوباتی ئەمساڵ مۆڵەت هەبوو، مەرج ئەوەیە توێژینەوەکە دەبێت تایبەت بێت بە مەولەوی، تا ئێستا 87 توێژینەوە گەیشتووە، لیژنەیەکی بۆ دانراوە بەناوی “لیژنەی زانستی”، یەکەمین کۆنفرانسە راوێژکاری هەیە، ئەوانەن کە زۆر شارەزای مەولەوین و چوار پسپۆڕی ئەندامی لیژنەکەن، ئەو لیژنەیە بڕیار دەدات کامە توێژینەوە بەکەڵکی کۆنفراسەکە دێت.

کۆنفراسی مەولەویناسی یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی نیودەوڵەتییە لە رۆژانی 2-3ی مانگی ئایاری ئەمساڵ لە هۆڵی کۆنگریسی سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی ئەنجامدەدرێت.

بەوتەی د.یۆهان عوسمان، لە ئەمریکا، ئەڵمانیا، میسر، ئوردن و تورکیا و زۆربەی وڵاتەکانەوە توێژینەوەمان بەدەست گەیشتووە، بەزمانی ئینگلیزی و ئەڵمانی و فارسی و عەرەبی و تورکی توێژینەوەکان نوسراون تا 1.3.2024 پرۆسەی هەڵسەنگاندن بەردەوام دەبێت.

کۆنفرانسەکە هەندێک زانیاری نوێ لەژیانی مەولەوی ئاشکرا دەکات

د.یۆهان عوسمان دەلێت: مەولەوی لە کایەی رۆشنبیریدا زیاتر وەک شاعیرێک ناسراوەو زیاتر گرنگی بە دیوانە شیعرییەکەی دراوە، بەڵام لەم کۆنفرانسەدا لێکۆڵینەوەو کار لەسەر ئەوە دەکرێت مەولەوی جگە لەوەی شاعیرێکی ئاست بەرزە، خاوەنی چەندین بەرهەمی ترە لە بواری عەقیدە و زانستی کەلام وەک کتێبی (الفضیلة) کە 2031 دێڕە شیعرەو بە زمانی عەرەبی دایناوە. هەروەها کتێبی (العقیدة المرضیة)، کە 2452 دێڕە شیعرەو بە کوردی نوسیویەتی، جگە لەمانە بە زمانی فارسیش کتێبێکی هەیە بەناوی (الفوائح) کە 527 دێڕە شیعرە. هەروەها هەر بە زمانی فارسی نامیلەکەیەکی هەیە تیایدا باسی بنەماکانی تەریقەتی نەقشبەندی دەکات.

دوای کۆنفراسەکە توێژینەوەکان لە گۆڤاری زانستە مرۆڤایەتیەکانی زانکۆی سلێمانی B بڵاودەکرێنەوە.

ئەوەی لەبارەی ژیانی مەولەوی زانراوە

سەیید عەبدولڕەحیمی كوڕی مەلا سەعیدی تاوگۆزی ناسراو بە (مەولەوی) لە ساڵی 1806 لە گوندی سەرشاتە كە دەكەوێتە بەری باشوری رووباری سیروان ناوچەی تاوگۆزی لە دایک بووە، لە هەڵەبجە دەستیکردووە بە خوێندنی فەقێی لە پاوە و مەریوان و سنە خوێندویەتی و داوی چەند ساڵێک دەگەڕێتەوە سلێمانی و لە سەردەمی ژیانی شێخ مەعروفی نۆدێدا بە فەقێیەتی لە مزگەوتی گەورە دامەزراوە، دوای ساڵانێک چووەتەوە بۆ سنە لە مزگەوتی دارولئیحسان دامەزراوە.

مەولەوی لەشیعرەکانیدا بەوردی باسی خۆشەویستی خۆی بۆ عەنبەر خاتوونی خێزانی دەربڕیوە دوای مردنی عەنبەر خاتوون مەولەوی دەکەوێتە ژێرباری خەمێکی قورس، لە دوا ساڵەكانی ژیانیا كوێر بووە و حەوت ساڵی بە كوێری بەسەر بردووە، دەوترێت بەهۆی ئاگر گرتنی کەپرەکەی بەشێکی زۆری دەستنووسە شیعرییەکانی سووتاوە و لە شیعرێکا باسی ئەو رووداوە دەکات، مەولەوی لەساڵی 1882 لەتەمەنی 76 ساڵیدا مردووە و لە گۆڕستانی ئەسحابە لە گوندی سەرشاتەی تاوەگۆزی سەر بە قەزای دەربەندیخان نێژراوە.

مەولەوی لە ساڵڕۆژی ئازادی سلێمانی دەرکەوتەوە

مەولەوی لە ساڵڕۆژی ئازادی سلێمانی دەرکەوتەوە