فەرمانبەرانی چاكسازییەكانی سلێمانی گلەییان هەیە

هێزەکانی 70 دەرگای لێ داخستوون و ناچار رۆژانە رێگایەکی دوور دەبڕن

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

سێ رۆژە دەرگای فەرماندەیی هێزەكانی 70 بەڕووی فەرمانبەرانی چاكسازییەكانی سلێمانی داخراوەو وتەبێژی هێزەكانی 70دەڵێت “بڕیارێكی سەربازییە”.

فەرماندەیی هێزەكانی 70 دوو رێگای هاتوچۆی هەیە، یەكێكیان دەكەوێتە بەرامبەر گەراجی بەغداو رێگاكەی دیكە دەكەوێتە نێوانی بازگەی كەڵەوانان و تاسڵوجەوە، چەند ساڵێکە فەرمانبەرانی هەردوو چاکسازی ژنان و منداڵان و چاكسازی گەورانی سلێمانی کە ژمارەیان 300 فەرمانبەرە بە دەرگای سەرەکی ئەو فەرماندەییە هاتوچۆ دەکەن، بەڵام چەند رۆژێکە دەرگا بەڕووی ئەو فەرمانبەرانە داخراوە و تەنیا رێگە بەوانە دەدەن هاتوچۆ بکەن کە پێشمەرگەن یان پلەی سەربازیان هەیە.

سیروان محەمەد، فەرمانبەرێكی چاكسازییەكانە بە 964ی وت، “گرفتێكی زۆری بۆ دروستكردوین و كاتێكی زۆرترمان پێویستە بۆ چوونە دەوام، هەمومان دانیشتووی سلێمانین، ئەم بڕیارە وایکردووە رێگاکەمان درێژ ببێتەوە”.

كامەران عەلی فەرمانبەرێكی دیكەیەو بە 964ی وت، “22 ساڵە فەرمانبەری چاكسازیم ئەو بڕیارە بونی نەبووە، هیوادارم چاوێك بەبڕیارەكەدا بخشێنرێتەوە چونکە كاری ئێمەی قورس كردووە، رۆژانە یان دەبێ لە کاتژمێر 6:30 بەیانیەوە بچینە ناو پاس، یان ئەوەتا كاتژمێر 9 بگەینە دەوام”.

لیوا ئەحمەد لەتیف، وتەبێژی هێزەكانی 70 بە 964ی وت، “بڕیارەكە سەربازییە و بۆ توندوتۆڵكردنی ئاسایشی سەربازگەكەیە، شوێنەكە سەربازگەیەو سەر بە هێزەكانی 70-یە، چاكسازییەكان و فەرمانگەكانی دیكە رێگەی دیكەیان هەیە بۆ هاتوچۆكردن، ئەو رێگەیە بابولنیزامی سەربازییەو نابێت خەڵكی مەدەنی پێدا بڕوات”.

ئەوەشی وت، “ئەوە لەدەسەڵاتی ئێمە نییە كە رێگەی فەرمانبەرانی چاكسازییەكان دوركەوتوەتەوە، بڕیارەكە لەسەروی خۆمانەوە دراوەو بڕیارێكی  سەربازییەو جێبەجێدەكرێت”.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی

+964صورة من منصة (شبكة):