ماوەى سێ رۆژ دەخایەنێت
بۆ جەژنى خدر ئەلیاس لە تەلەعفەر ئاهەنگ و شاییە
964+
دانیشتوانی قەزای تەلعەفەر لە پارێزگای نەینەوا، هەموو ساڵێک لە کۆتایی هەفتەی سێیەمی مانگی شوباتدا بۆ ماوەی سێ رۆژ جەژنی “خدر ئەلیاس” دەگێڕن، و هەمووانیش بە عەرەب و کورد و تورکمان و مەسیحی و ئێزیدیشەوە بەشداری لە رێوڕەسمەکانی ئەم جەژنە دەکەن.
لە ساڵی 2016ـەوە، بۆنەکە خراوەتە لیستی میراتە کولتوورییە جیهانییەکانى یونسکۆ.
سێیەم ساڵى لەسەر یەکە، ئیدارەى خۆجێى قەزاکە پشوى فەرمى رادەگەیەنن تا هەمووان بتوانن بەشدارى لە مەراسیمەکەدا بکەن.
عەبدولقادر سالم، دانیشتووی تەلعەفەر بۆ تۆڕی 964 قسەى کردووە و دەڵێت: خدر ئەلیاس، بە یەکێک لەو جەژنە ناوخۆییانە دادەنرێت کە دانیشتوانی تەلعەفەر لە سێیەم پێنجشەممەی مانگی شوباتدا هەموو ساڵێک یادی دەکەنەوە.
یەکەم رۆژى جەژنەکە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، بڕیارە سبەینێ و دووسبەیش بەردەوام بێت، جەژنەکە لاى ئێزدییەکان گرنگییەکى زۆرى هەیە و پێیانوایە لەو مانگەدا دەرگەى خێر و بەرەکەت دەکرێتەوە.
دانیشتوان ئەم رۆژە بە سەرەتای بەهار و کۆتایی زستان دەزانن، دەچنە دەرەوە بۆ گردێکی باشووری شارەکە و لە مەزارگەیەکی دێرین بۆ ماوەی سێ رۆژی یەک لە دوای یەک (پێنجشەممە، هەینی و شەممە) ئاهەنگ دەگێڕن.
ئاهەنگگێڕان خواردن و شیرینی تایبەت بۆ ئەم جەژنە ئامادە دەکەن، بەیەکەوە دەیحۆن.
بەپێى مەراسیمەکە شەوی پێنجشەممە، سەری منداڵ و گەورەساڵان دەتاشرێن و پێیان وایە بەم شێوەیە تەندروستی و سەلامەتییان تا جەژنی داهاتوو، دەپارێزێن.