دیمەنی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەڵەبجە _ وێنە: راگەیاندنی پارێزگای هەڵەبجە
"خۆمان دەیکەین"
داواکاری نۆیەمی هەڵەبجە لە حکومەت چی بوو؟
ئەحمەد مستەفا
لە خاڵی نۆیەمی یاداشتی پارێزگای هەڵەبجە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوا کراوە هەڵەبجە لە هەندێک بڕیار و رێنمایی ببوردرێت، دەشیانەوێت حکومەت بازاڕچەکانی بۆ دروستنەکرا خۆیان دروستی بکەن.
یاداشتێکی نۆ خاڵی کە داواکارییەکانی خەڵکی هەڵەبجەی تێدایە، رادەستی سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 22.2.2024 سەردانی پارێزگاکەیان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری ناوچەکە کۆبوونەوە، لە خاڵی نۆیەمدا بەهۆکاری تایبەتمەندی و بنادنانی شارەکە، لە بواری وەبەرهێنان و ئاوادەنکردنەوە داوا کراوە بخرێتە دەرەوەی بڕیار و رێنماییەکان.
بە گوێرەی سۆراغی 964 بێت، ئیدارەی خۆجێی شارەکە لە کۆبوونەوەکەدا، روونکردنەوە لە بارەی ئەو داواکارییەوە داوە و مەبەستی بووە، ئەو سەرمایەدار و بازرگانانەی دەیانەوێت لە شارەکە پڕۆژە ئەنجام بدەن و سەرمایە بۆ شارەکە بهێنن، ئاسانکاری بکەن لە لێخۆشبوونی باج و مەرجەکانی سەرمایە، هەروەها تایبەتمەندی وەزارەتەکان بۆ پێدانی پڕۆژە و مۆڵەت و مەرج.
لە بارەی ئەو داواکارییە، ئازاد تۆفیق پارێزگای هەڵەبجە بە 964ی وت، دەمێکە لە نێوان هەڵەبجە و شارەدارییەکانی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لێک تێگەیشتن هەیە ناوچە و بازاڕچە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و نمایشکردنی کاڵا و راکێشانی بازرگان و سەرمایەداران بکەینەوە.
هەریەک لە مەرزەکانی پشتە، سازان و تەوێڵە تایبەتمەندی بوون بە بازاڕچەیان تێدایە، مەبەست لە بازاڕچە، بازاڕی ئازادە بۆ ئاڵوگۆڕی، کەلوپەل و خواردەمەنی لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئێران، بە قسەی پارێزگار بێت، داوایانکردووە ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان توانای دارایی نییە بۆ جێبەجێکردنی رێگا و دروستکردنی بازاڕچەکان، ئەوا بەگوێرەی رێنمایی ژمارە 2ی ساڵی 2016 پارێزگا بتوانێت بە هاوبەشی کەرتی تایبەت و گشتی جێبەجێی بکات.