خواست لەسەر شەتڵی ئەمریکییە
کاتی چاندنی شلک لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات
964+
ئەحمەد مستەفا
رەنگەکەی سوورە و تامەکەی شیرینە، بەڵام چەندین ناوی هەیە، (تووفەرەنگی، شلک، چلیک و فراولە)، رووەکێکە لە خێزانی رۆز، نەبووە بە بەرهەمێکی خۆژێنی، بەڵام کەم نین ئەوانەی حەز بە خواردنی دەکەن.
لە هەرێمی کوردستان لە مانگی (شوبات/2)، بۆ مانگی (حوزەیران/6) هەمووساڵێک، بەپێی پێکهاتەی خاک و ئاوهەوا، لە بەیت و ژمارەیەک زەوی کشتوکاڵی دەست بەچاندنی شەتڵەکانی شلک دەکرێ، بەڵام هەندێک لە شەتڵەکان لە مانگەکانی دیکەی ساڵیشدا دەچێندرێن.
ئەمڕۆ دووشەممە 19.2.2024، دیاری عەتا، جوتیار بە 964ی وت، بە گشتی زیاتر لە پێنج جۆری شەتڵی شلک لە هەرێمی کوردستان هەن، ئەوانیش، ئەمریکی، ئەڵمانی، تورکی و ئێرانی و شلکی عەرەبی- یە، بەقسەی ئەو جوتیارە بێت زۆرینەی ئەو وڵاتانە بنەتۆو شەتڵی شلکیان بە خۆماڵی کردووە، سنەش لە رۆژهەڵاتی کوردستان ساڵانە سەدا تۆن شلک بەرهەمی هەیە.
ئەوەی زیاتر لە هەرێمی کوردستان و لەم وەرزەدا بەردەستە، شەتڵی ئەمریکی دەنک گەورەیە، کە 10 شەتڵی بە هەزار دینارە، وەزارەتی کشتوکاڵ هیچ داتایەکی لە بەردەست نییە کە ساڵانە بەرهەمی شلک چەند تۆنە، بە قسەی وتەبێژی وەزارەتەکە هیوا عەلی بێت، بۆ 964 جوتیارەکان بەرادەیەکی کەم و ژمارەیەک ماڵی پلاستیکی و کەرتی تایبەت بەرێژەیەکی زۆرتر دەیچێنن.
ئەوەی بۆ پێگەشتنی ئەم شلکە گرنگە، بوونی مادەی ئەندامییە لە خاکدا، لە کاتی پێگەشتنیدا لە هەرێمی کوردستان، یەک کیلۆ شلک لە نێوان چوا هەزار دینار بۆ شەش هەزار دینار دایە، بەڵام لەگەڵ زۆربوونی لە بازاڕدا نرخەکەی بۆ سێ یان دوو هەزار دینار بۆ هەر کیلۆیەک دادەبەزێت.
شلک سوودی چییە؟
شلک دەوڵەمەندە بە جۆرەکانی ڤیتامین و مەوادی کانگەیی بۆ نموونە فۆلات، پۆتاسیۆم و مەگنسیۆم، (کە هۆکارن بۆ پاکبوونەوەی ملولەکانی خوێن، هەرسکردن و پاراستنی چاو و توانای بەرگری) کۆپێک شلک، تەنیا 49 کالۆری وزە، 3 گرام ریشاڵ و 12 گرام کاربۆهیدراتی تێدایە.
توێژینەوەیەکیش دەریخستووە کە خواردنی رۆژانەی شلک یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی بیرچوونەوە، لە زانکۆی سینسیناتی ئەمریکی، تاقیکردنەوەیەک ئەنجامدرا، کە تێیدا 30 کەسی قەڵەو کە تەمەنیان لە نێوان 50 بۆ 65 ساڵ بوو و بەدەست کەمی توانای یادەوەرییەوە دەیانناڵاند.
لە ماوەی 12 هەفتەدا داوا لەبەشێک لە بەشداربووان کرا، کە خۆیان لە خواردنی شلک بەهەموو جۆرێک بپارێزن، لەبەرامبەردا بەشێکی تریان رۆژانە پاکەتێکی هاڕاوی شلک کە لەگەڵ ئاو تێکەڵ دەکرێت، لەگەڵ ژەمی بەیانیدا خواردووە.
توێژینەوەکە دەریخستووە، کە ئەو بەشداربووانەی هاڕاوی شلکەکەیان وەرگرتووە یادەوەرییان بەرەو باشی چووە لە رووی تەندروستی مێشکەوە هەروەها ئەوانەی شلکەکەیان خواردووە نیشانەکانی خەمۆکی تیایاندا کەمتر بوو.