لە هەولێر

دوای یەک رۆژ لە وەستانی باران رێژەی پیسی هەوا زیاتر لە دوو هێندە بەرز بووەتەوە

964+

فەهمی نەبی

لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی شەپۆلێکی چەند رۆژەی باران بارین، رێژەی پیسی هەوا بەتەواوی دابەزی، دوێنی یەکشەممە ئاستی پێوانەکردنی کوالێتی هەوا لە شارێکی وەک هەولێر 32 بووە کە ئەمەش رێژەیەکی باشە، بەڵام دوای 24 کاتژمێر لە وەستانی باران ئەم بەیانیە ئاستی پێوانەکردنی کوالێتی هەوا 73 پلەیە، ئەمەش رێژەیەکی بەرزە و بۆ دوو هێندە زیاتر بەرز بووەتەوە.

بارانی چەند رۆژی رابردوو پیسی هەوای پاککردەوە

بارانی چەند رۆژی رابردوو پیسی هەوای پاککردەوە

بەگوێرەی سەرچاوە زانستیەکان، رێژەی پیسبوونی هەوا هۆکارەکەی بۆ زیادبوونی چالاکی مرۆڤ و زیادبوونی ژمارەی مۆلیدە و ئۆتۆمبێل دەگەڕێتەوە، لەمەوبەر ئەنجومەنی مۆلیدە ئەهلیەکان بە 964ی راگەیاندبوو لە شاری هەولێر ژمارەی مۆلیدە ئەهلییەکان دەگاتە 2200 مۆلیدە، هەر بەپێی توێژینەوەیەکی دەستەی ئامار لە هەرێمی کوردستان حەوت هەزار و 354 مۆلیدەى ئەهلى هەیە.

لەوەرزی هاوین رێژەی پیسی هەوا لە شارەکان بەرز دەبێتەوە، بەگوێرەی لێدوانی دەستەی ژینگە کە لەمەوبەر بۆ 964 قسەیانکردووە دەڵێن، هەریەکە لە گازەکانی CO2,HO2,NO2 لە ژینگەی هەولێردا هەن، کە گازی ماترسیدارن.

رادەی پیسی هەوا ئەگەر رێژەکەی لە نێوان ژمارە یەک بۆ 50 بوو گونجاوە، بەڵام لە ژمارە 51 بۆ 100 مامناوەندە، لە 101 بۆ 150 گونجاو نییە بۆ ئەوانەی هەستیاریان هەیە، بە تایبەت بۆ ئەوانەی نەخۆشی هەناسەتەنگیان هەیە، لە 151 بۆ 200 نا تەندروستە و گونجاو نییە بۆ ژیان.