پۆلیسی هەرێم: “رۆژی پۆلیسی عێراقی بە رۆژی خۆمان نازانین”

964+
فەهمی نەبی -هەولێر

پۆلیسی عێراق یادی 101 ساڵەی دامەزراندنی كرده‌وه‌، بەڵام پۆلیسی هەرێم رەتیدەکاتەوە یادی ئەو رۆژە بکەنەوە و دەڵێن بە رۆژی خۆمانی نازانین.

کارزان ئاغا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی هەرێم به‌ 964+ی وت “ئەو بۆنانەی تایبەتن بە عێراق، ئێمە وەک پۆلیسی هەرێم بەشداری تێدا ناکەین، هەرگیز ئێمە ئەو یادەمان نەکردووه‌تەوە و نایکەینەوە، چونکە بۆ ئێمە گرنگ نەبووە”.

کارزان ئاغا ئەوه‌شی وت “چەند ساڵێک بوو لەو رۆژە و رۆژی 14ـی تەمموزدا پلەبەرزکردنەوەی پۆلیس و ئەفسەرمان هەبووە، بەڵام ئێستا بەهۆی دواکەوتنی رێکارەکانەوە، لەو رۆژە پلەبەرزکردنەوەش راناگەیەنین “.

“ئەگەرچی دامەزراوەی پۆلیسی هەرێمی کوردستان و عێراق هەردوولا کار بە یاسای سزادانی عێراقی دەکەن، بەڵام جگە لە گۆڕینەوەی زانیاری هیچ خاڵێکی هاوبەشمان نییە”، ئەمە گوتەی هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێره‌.

پۆلیسی عێراق، بە فەرمانی ژمارە 72، لە 9ـی کانونی دووەمی 1922، لە شاری بەغدا بە فەرمانی شاهانەی دەوڵەتی بەریتانیا دامەزرا.

سەرەتا لەلایەن 22 ئەفسەری بەریتانی و 92 ئەفسەری هیندی سەرپەرشتی دەکرا، دواتر وەک یەکەیەکی دامەزراوەیی دەوڵەتی، ژمارەیەکی زۆر ئەفسەر و پلەداریان پێگەیاند.