مەرجەکانی دروستکردنی گەراج چین؟

شارەوانی سلێمانی: زۆرینەی گەراجەکانی راگرتنی ئۆتۆمبێل ستاندارد نین

964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی

شارەوانی سلێمانی دەڵێت، زۆرینەی گەراجەکانی راگرتنی ئۆتۆمبێل لەناو شاری سلێمانی ستاندارد نین و بارودۆخ ئەو گەراجانەی دروستکردوون.

زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، زۆرینەی گەراجەکانی راگرتنی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی زەوییەکی چەند سەد مەترین و زۆرینەیان خانووی کۆن بوون و تێکدراون و کراون بە گەراج، هیچ مەرجێکی ستانداردی گەراجیان تێدا نییە.

وتیشی، “گەراجی مۆدێرن و ستاندارد دەبێت شۆفێران سویچ دانەنێن، ئۆتۆمبێلەکان مەتر و نیوێک لە یەک دووربن، کۆنکرێت بێت و چەند نهۆمێک بێت، هەروەها هەموو مەرجێکی ئەمنی و بەرگریی شارستانی و سەلامەتی تێدابێت”.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی کە بە 964 دراوە، شاری سلێمانی زیاتر لە 700 هەزار ئۆتۆمبێلی تێدایە.

وتەبێژەکەی شارەوانی سلێمانی وتیشی، “ئەو گەراجە کۆنانە زۆرینەیان مۆڵەتیان تەواو بووە و بۆشیان تازە نەکراوەتەوە و بە شێوەی کاتی هێڵدراونەوە، لە ساڵی 2019شەوە رێگە نەدراوە هیچ خانووێکی تری کۆن تێکبدرێت و بکرێت بە گەراجی راگرتنی ئۆتۆمبێل”.

بە پێی رێنماییەکانی شارەوانی سلێمانی، هەر بینایەکی بازرگانی رووبەرەکەی لە 500 مەتر بەرەو سەرەوە بوو پێویستە گەراجی ستاندارد دروست بکات.
زەردەشت رەفیق ئاماژەی بەوەشدا، بەشێک لە بینا بازرگانی و مۆڵەکان گەراجی مۆدێرن و ستانداردیان هەیە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی

لە سلێمانی داوای دروستکردنی گەراج دەکرێت بۆ مزگەوتەکا...

لە سلێمانی داوای دروستکردنی گەراج دەکرێت بۆ مزگەوتەکان