نوێکراوەتەوە.. ئاگرەکەی هەولێر کۆنترۆڵکرا

+964

شۆرش عەبدولستار – هەولێر

پاش نزیکەی کاتژمێرێک ئاگرەکەی گەڕەکی سەڵاحەدینی هەولێر کۆنترۆڵکراو زیانی مادی بەرچاوی هەبوو، بەڵام لەرووی زیانی گیانییەوە سەلامەت دەرچوو.

ئاگرەکە کاتژمێر هەشت و 10 خولەک کەوتەوە، بەهۆی سوتانی تانکی گازی مۆلیدەی هۆتێلێک بووە کە دەکەوێتە سەر شەقامی شەست مەتری بەرامبەر شەقامی سورچییان.

هۆتێلەکە شەش نهۆمەو جگە لەو میوانانەی لەوێ ماونەتەوە 15 کارمەندیشی تێدابووە، بەڵام هەرزوو هەموو میوانەکان و کارمەندەکان دەربازکراون.

شایەتحاڵەکان لەشوێنی رووداوەکە بە +964یان راگەیاند هەرزوو تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، بەڵام بەهۆی بەهێزی تینی ئاگرەکەو مەترسی تەشەنەسەندنی بەشێک لەماڵەکانی ئەو دەوروبەرەش چۆڵیان کردووە، چونکە هۆتێلەکە بەشی پشتەوەی لەسە کۆڵانێکە کە ماڵی هاوڵاتیانی تێدایە.

پەیامنێری +964 لەشوێنی رووداوەکە بەچاوی خۆی پێنج تیمی ئاگرکوژێنەوەی بینی کە لەوێ بوون، رایگەیاند ئێستا ئاگرەکە بەتەواوی کۆنترۆڵکراوەو بەهۆی رووداوەکە تەنیا کەسێک بەسووکی بریندار بووە.

دانیشتوانی گەڕەکی سەڵاحەدین کاتی کەوتنەوەی ئاگرەکە بە پەیامنێری +964یان راگەیاند کە ساڵانێکی زۆرە دادو بێدادیانە بەدەست دوکەڵ و دەنگی مۆلیدەکانی ئەو هۆتێلەوە.