964 حاڵەتەکەی وروژاند

دوو کەس لەسەر بڕینەوەی دارەکانی ناوچەی داودە دەستگیر کران

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

ئەو کەسانەی کە دارەکانی ناوچەی داودە لە دوزخورماتوو دەبڕن، دەستگیرکران، 964 رۆژی سێشەممە بەدواداچوونی بۆ ئەم کێشەیە کرد و رووداوەکەی گەیاندە بەڕێوەبەری ناحیەی زنانە.

بەپێی زانیارییەکانی 964، دوو کەس بەهۆی بڕینەوەی ئەو دارانە دەستگیرکراون، کە پێشتر بەهۆی هەمان کارەوە دەستگیرکرابوون و بەڵێننامەیان پێ پڕکراوەتەوە کە چیتر ئەو کارە نەکەن.

وەهاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی زنانە بە 964ی وت: “بەیانی ئەمڕۆ بە هاوکاری لەگەڵ پۆلیسی دارستانی ناحیەی نەوجول، دەستیان بە گەڕان و بەدواداچوون کرد بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی کە دەستیان بە بڕینەوەی دارەکانی ناوچەکە کردووە.”

وتیشی، “لە گوندی قومپەڵک لە نزیک ماڵێک، دەستیان بەسەر ژمارەیەکی زۆر لەو دارانەدا گرت کە لە ھەڵکێشرابوون و پارچە پارچە کرابوون، ھەروەھا چاڵیان ئامادە کردبوو بۆ سوتاندنی دارەکان بۆ ئەوەی بکرێنە خەڵوز و دوو کەسمان لەوێ دەستگیر کرد.”

بەڕێوەبەری ناحیەی نەوجول، لە رێگەی 964 ەوە داوا دەکات کە هاوڵاتیانی هەموو گوندەکانی ناوچەی داودە هاوکاری بکەن لە هەر رووداوێکی نەخوازراو یان بینینی کەسانی نامۆ لە ناوچەکانیان، دەستبەجێ ئاگاداریان بکەنەوە بۆ ئەوەی بگەنە شوێنی رووداوەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکەیان.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد