عەزیز وەیسی وادەڵێت
“من سەلامەتم و نەمردووم”
+964
پەری ساڵح
عەزیز وەیسی دەنگۆی مردنی بە رووداوی هاتوچۆ رەتکردەوە، وتیشی هەندێک لە پەیجەکان بە چاک و خراپ شت بڵاودەکەنەوە.
لە دوو رۆژی رابردوودا دەنگۆی مردنی هونەرمەند عەزیز وەیسی بە رووداوی هاتوچۆ لە بەشێکی زۆر لە پەیجەکان هەرای نایەوە.
964 پەیوەندی کرد بە هونەرمەند عەزیز وەیسی و دڵنیای دا لەوەی تەندروستی جێگیرە و وتی “سوپاسی پەرۆشی هەمووان دەکەم و بە هەزاران پەیوەندیم بۆ هاتووە، من سەلامەتم و نەمردووم، هەندێک لە پەیجەکان بوونەتە گاڵتەجاڕ و لە شوێنی خۆیانەوە بە ئارەزووی خۆیان شت دەنوسن لەسەر هونەرمەندان بە چاک و خراپ تەنیا بۆ لایک و کۆمێنت، نازانم ئەمانە بێ کارن یان نەخۆشن”.
عەزیز وەیسی لەدایکبووی ١٩٦٨ی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانە، خاوەنی چەندین بەرهەم و ئەلبومی هونەریە کە بەشێکی زۆریان شادی و هەڵپەڕکێن.