خوێندنی باڵا کۆبوونەوەی بۆ کرد

پێشنیار هەیە هۆشیاری لە ماددەی هۆشبەر بکرێت بە وانەیەکی خوێندن

ئەحمەد مستەفا

وەزارەتى خوێندنى باڵای هەرێمی کوردستان، دەیەوێت بە بەشداریى پسپۆڕ و مامۆستایانى زانکۆکان، ستراتیژێک بۆ رۆڵى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا لە بەرەنگاربونەوەى ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان دابڕێژێت.

ژمارەیەک پێشنیار تاوتوێ کراون، 964 دەزانێت پێشنیاری بەرچاو دانانی وانەیەکە لە نێو ناوەندەکانی خوێندن لە یەک سیمستەردا بۆ هۆشیارکردنەوەی خوێندکاران، هەروەها ژمارەیەک داواکارییە کە وەزارەتەکە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگا پەیوەندیدارەکانی دەنێرێ و کۆبوونەوەی دیکەی لە بارەوە ئەنجام دەدرێ.

ئەمڕۆ دووشەممە 12.2.2024، لە ناو باڵەخانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، سەرۆکی لیژنەی ئامادەکردنى پلان و نوێنەرى سەرجەم زانکۆ حکومى و تایبەتەکان کۆبوونەتەوە، عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا بە 964ی وت، دەیانەوێت دیالۆگێکى بەرفراوان لە نێوان دامەزراوەکان و زانکۆکانى کوردستان دابڕێژن، بۆ ئەوەى زانکۆکان بەشدارى کارا بکەن لە دروستکردنى ستراتیژێک بۆ بەرەنگاربوونەوەى ماددە هۆشبەرەکان و ئەو مەترسییانەى لەسەر هەرێمی کوردستان هەن.

بە وتەی عەباس ئەکرەم بێت، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆى  چڕ کراوە، سەبارەت بە را و سەرنج و تێبینییەکان بۆ ئەوەى پێکەوە و بە هاوبەشى لەگەڵ سەرجەم زانکۆکان بتوانن، ستراتیژێک بۆ وەزارەت و دامەزراوەکان دابڕێژن.

بە قسەی وتەبێژەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بێت، لە کۆبوونەوەکەدا چەندین راسپاردە و پێشنیارى گرنگ گفتوگۆ کراوە.

به‌ پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست 964 كه‌وتووه‌، له‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵی 2023، چوار هه‌زار و 201 كه‌س له‌سه‌ر به‌كارهێنان و فرۆشتنی مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستگیر كراون، له‌و ژماره‌یه‌دا 1415 كه‌س وه‌ك بازرگانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان ده‌ستگیر كراون و ئه‌وانی دی به‌كارهێنه‌رن، به‌ پێی راپرسییه‌كی تۆڕی هه‌ماهه‌نگی رێكخراوه‌كان بێت، فرۆشیار و به‌كارهێنه‌ری مادده‌ی هۆشبه‌ر لەو ساڵەدا 20% زیادی كردووه‌.