بۆ ماوەی هەفتەیەک

ئەڵمانیا راهێنان بە تیمی وەڵامدانەوەی خێرای هەڵەبجە دەکات

964+

ژووری هەواڵ

تیمی وەڵامدانەوەی خێرای مرۆیی پارێزگای هەڵەبجە چوونەتە پارێزگای هەولێر و لەوێ بۆ ماوەی هەفتەیەک لەلایەن ئاژانسێکی حکومەتی ئەڵمانیا بەناوی THW مەشق و راهێنانیان پیدەکرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 12.2.2024، مەریوان حەسەن، لە ناوەندی هابەشی هەماهەنگی قەیرانەکان کە لە نزیکەوە ئاگاداری راهێنانەکانە بە 964ـی وت، ئامانج لەم خولە‌ بەرزکردنەوەی توانای کارمەندان و تیمی وەڵامدانەوەی خێرای مرۆییە، لە بواری بەڕێوبردن و قەیران و کارەسات.

تیمە ئەڵمانییەکە لە حەوت راهێنەر پیکدێن، “هەر یەکەو ئەزموونی تایبەتی هەیە و لە ژمارەیەک باڵەخانەی نیمچە روخاو کە وەک شوێنی کارەساتن، مەشقەکان ئەنجامدەدەن”.

ئاژانسی فیدراڵی بۆ فریاگوزاری تەکنیکی THW بارەگا سەرەکییەکەی لە بەرلینی ئەڵمانیایە و 668 بنکەیان لە سەرتاسەری ئەڵمانیا هەیە، ئەمە جگە لە تیمە گەڕۆکەکانی ئاژانسەکە کە بەشێکیان بەگوێرەی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی ئەڵمانیا و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هاتوونەتە هەولێر و توانای تیمەکانی وەڵامدانەوەی خێرا بەرزدەکەنەوە.

“راهێنانەکان بەشێوەی مەیدانی ئەنجامدەدرێن بە مەبەستی بەرزکردنەوەی توانای وەڵامدانەوەی قەیران و کارەساتەکان، بۆ ئەوەی هەر کاتێک رووداوێکی نەخوازراو روویدا شتێکی نوێ نەبێت بۆ تیمەکان و پێشتر لە راهێنانەکان فێر بووبن کە چۆن مامەڵە بکەن”، مەریوان حەسەن وای وت.

خولەکە لە رۆژی یەکشەممە 11.2.2024 دەستیپێکردووە و تاوەکو کۆتایی هەفتە بەردەوام دەبێت.

هەریەکە لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تیمی وەڵامدانەوەی خێرایان هەیە و بڕیارە لە ئەمساڵیشدا تیمی وەڵامدانەوەی خێرا لە ئیدارەکانی گەرمیان و زاخۆ دروست بکرێت.

هەر یەکێک لە تیمەکانی وەڵامدانەوەی خێرا لە نزیکەی 20 ئەندام پێکدێن، ئەو تیمانە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی توانای وەڵامدانەوەیان بۆ رووداوە نەخوازاوەکان بەردەوام لە شار و شارۆچکەکان راهێنانیان پێدەکرێت و کەلوپەکی تایبەتیان پێدراوە.

گەرمیان و زاخۆ تیمی وەڵامدانەوەی خێرایان نییە

گەرمیان و زاخۆ تیمی وەڵامدانەوەی خێرایان نییە