فەیسبووکچییە فێڵبازەکان دەستگیرکران
یاسر ئەحمەد
ئاسایشی سلێمانی ئەو سێ کەسەی دەستگیرکرد کە لەرێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پیاوێکی کەربەلاییان هەڵخەڵەتاندبوو ئۆتۆمبێلەکەیان لێ دزی بوو.
دەستگیرکراوەکان سێ کەس بوون لەرێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڕوایان بە پیاوێکی عەرەبی خەڵکی کەربەلا هێناوە کە پیکابەکەی لێدەکڕن، هەر ئەوەندەی کەسەکە ئۆتۆمبێلەکەی هێناوەتە سلێمانی، بەبیانووی ترایی پێدان لێیان وەرگرتووەو دزیویانە.
ئاسایشی سلێمانی لەراگەیەندراوێکدا دوێنێ شەو -یەکشەممە- وێنەی سێ تۆمەتبارەکەی بڵاوکردووەتەوە کە روویان لەدیوارێک ناوەوەو نوسیوێتی ”هاوڵاتیەکی بەرەگەز عەرەب بەناوی حەیدەر جەلال ئاگاداریکردینەوەکە ئۆتۆمبێلی جۆری (تۆیۆتا هایلۆکس ٢٠٢٢)ی دزراوە…لەماوەی چەن کاتژمێرێکدا سەرجەم ئەندامانی ئەوباندە دەستگیر کراون کە پێک هاتبوون لە هەر سێ تۆمەتبار”، ئاسایش دەڵێ هەرسێ تۆمەتبارەکە کوردن و بەپیت ناوەکانی نوسیون.
ئاسایشی سلێمانی نەیوتووە تۆمەتبارەکان لەکوێ دەستگیرکراون، بەڵام کەسێک بەناوی (ئارام پاشا) کە وەک ناسیاوی خاوەن ئۆتۆمبێلەکە خۆی ناساندووە لەفەیسبووک نوسیوێتی ”سوپاس بۆ برایانی ئاسایش کە لەچەمچەماڵ سێ تۆمەتبارەکەیان دەستگیر کرد”.
پێشتریش چەند جارێک بەرپرسانی پۆلیس لەهەولێر هۆشیاریان دابوو کە بەهۆی فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە چەند جارێک فێڵ لەخەڵک کراوەو ئۆتۆمبێلەکەیان دزراوە.