دادگای سلێمانی - وێنە: 964
بڕیار بوو دوا دانیشتن بێت
نۆیەم دانیشتنی کەیسی نەقیب محەمەد بێ بڕیاردان دواخرا
964+
رێژوان قادر – سلێمانی
وا بڕیار بوو ئەمڕۆ یەکشەممە نۆیەم دانیشتن و کۆتا دانیشتنی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی کەیسی نەقیب محەمەد و هاوڕێکانی بەڕێوە بچێت، بەڵام دادوەر دانیشتنەکەی بۆ رۆژی چوارشەممە 14.2.2024 دواخست.
کارزان فاروق، یەکێک لە پارێزەرانی کەیسی نەقیب محەمەد بە 964ـی وت، ئێمە لە دوو دانیشتنی پێشترەوە چاوەڕوانی کۆتاییهاتنی دادگاییەکە و بڕیاری دادوەر بووین، بەڵام بەداخەوە دوادەخرێت.
دانیشتنەکە لەسەر داوای پارێزەرانی تۆمەتبارەکان دواخرا چونکە دوو شاهێد هەبوون و لەبەردەم دادوەر شاهێدیان دا.
لە دانیشتنەکانی رابردوودا قەرەبووی قوربانییەکانی ئەم کەیسە لەلایەن دادوەرەوە بڕیاری لێ دراوە و کۆتایی هاتووە، ئەوەی ماوەتەوە بڕیاری دادوەرە بۆ تۆمەتبارەکان بەپێی ئەو بەڵگە و دیکۆمێنتانەی پێیگەیشتووە ئاخۆ چ بڕیارێک دەدات.
نەقیب محەمەد، ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بوو لە سلێمانی، شەوێکی سەرەتای مانگی دوانزەی ساڵی 2021 لەگەڵ هاوپیشەکانی دەچنە ماڵێک لە گەڕەکی تانجەڕۆی سلێمانی بە مەبەستی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک، بەڵام دەستڕێژی گوللـەیان لێ دەکرێت و نەقیب محەمەد گیانلەدەست دەدات و چوار هاوڕێی دیکەشی بریندار دەبن.
پێداچوونەوە: هاوبەش