پزیشک نین و بەربوونەتە گیانی ئەو خەڵکە

میدیازان – هێمن بەکر – هەولێر

Getty Images

لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی کوردستان ناوی دوو کەسی بڵاوکردووەتەوە کە وەکو پزیشک خۆیان ناساندووە و لە سەنتەرەکانی جوانکاریی کاریان کردووە.

سەندیکاکە نوسراوی بۆ سەرجەم نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی جوانکاریی کردووە، لەو دوو کەسەی قەدەغەکردووە چیتر لە هەولێر کاربکەن، کەسەکان هەردوکیان ژنن، ناویان بریتیە لە (ن.ح.ی) و (ه.م.ف).

دکتۆر ئامانج وەفایی، وتەبێژی سەندیکای پزیشکان لە هەولێر، بۆ میدیازانی پشتڕاستکردەوە و باسی لەوەکرد، لەسەر بنەمای سکاڵای سەردانکەران، لیژنەکانیان بەو دوو کەسەیان زانیوە کە پزیشک نین، هەربۆیە کارکردنیان لێ قەدەغە کردوون.

میدیازان دەزانێت، بە تەنیا لە ناوشاری هەولێر زیاتر لە 100 سەنتەری جوانکاریی هەن و ئەمەش یەکەم حاڵەتی لەو جۆرە نییە.

دکتۆر ئامانج وەفایی وتی، بە تەنیا لە 10 مانگی رابردوودا، دەیان حاڵەتی هاوشێوە هەبووە.

“کەسانێک هەن تەنیا خولێکی جوانکارییان بینیوە”

سەندیکای پزیشکانی هەولێر

“حاڵەتەکان هەندێکیان کەسانێکن کە خۆیان وەکو پزیشک ناساندووە و گوایە لە دەرەوەی وڵات خوێندوویانە، هەندێکی دیکەیان پزیشکن بەڵام بڕوانامەکانیان لە وەزارەت پەسەند نەکراوە، کەسانێکیش هەن تەنیا خولێکی جوانکارییان بینیوە”، وتەبێژەکەی سەندیکا وای وت.

میدیازان سۆراغی کرد کە ئایا ئەو دوو کەسەی تازە کاریان لێ قەدەغەکراوە، هیچ جۆرە نەشتەرگەرییەکیان بۆ هاوڵاتیان کردووە؟ دکتۆر ئامانج رەتیکردەوە و وتی، تەنیا کاری لەیزەر، فیلەر، بۆتۆکس، پاککردنەوەی پێست و هەندێک جوانکاریی دیکەیان کردووە، بەڵام لەنوسراواکەی سەندیکا تەنیا ئاماژە بەوە کراوە کە بەمافی خۆیانی ئەزانن سکاڵا بکەن، باس لەسە نەکراوە ئاخۆ سکاڵای یاساییان کردووە یاخود نا.