ژماەیەک سەگ لە پەناگەی سەگ لە هەولێر. وێنە:خزمەتگوزاری ژینگە پارێزی هەولێر.
رۆژانە زیاتر لە 50 سەگ کۆدەکرێتەوە
پێشنیاز کراوە ئەو سەگانەی لە زاوزێ خراون بخرێنەوە سەر شەقام
964+
فەهمی نەبی
دوای پرۆسەی لە زاوزێ خستنی زیاتر لە هەزار سەگ لە پەناگەی سەگە بێلانەکانی هەولێر، پێشنیاز کراوە ئەو سەگانەی نەشتەرگەری لە زاوزێ خستنیان بۆ کراوە دووبارە بخرێنەوە دەرەوەی پەناگەکە.
ژیار جەلال بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی هەولێر بۆ 964 وتی، تەنیا پێشنیاز کراوە و نەخراوەتە بواری جێبەجێکردن، چونکە پرۆسەی کۆکردنەوەی سەگی بێلانە لەسەر شەقامەکان بەردەوامە و زیاتر لە شەش هەزار سەگ کۆکراوەتەوە.
ئەوەشی وت، رۆژانە دوو تیم لە گەڕەکەکانی هەولێر سەگی بێلانە کۆدەکەنەوە و هەر رۆژێک زیاتر لە 50 سەگ کۆدەکرێتەوە.
لە مانگی 12ی ساڵی رابردوو تیمێکی ڤێرتێرنەری باکوری کوردستان خۆبەخشانە نەشتەرگەری لە زاوزێ خستنیان بۆ سەدان سەگی ئەو پەناگەیە کرد.
ژیار جەلال دەڵێت، تا دێ ئەرکی شێڵتەرکە قورستر دەبێت، لەبەرئەوەی ژمارەی سەگە کۆکراوەکان زیادیان کردووە و مانگانە زیاتر لە 40 ملیۆن دینار خەرجی پێویستە بۆ کۆکردنەوە و گواستنەوەی خواردن، هەر رۆژێک حەوت تۆن خواردن بەو سەگانە دەدرێت.
رۆژی 8.7.2023 یەکەم رۆژی هەڵمەتی سەگە بێلانەکان لە ناحیەی دارەتووی هەولێر دەستیپێکرد.