بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی خەلەکان دەردەکەوێت. وێنە:964+
مووچەیان چەندە؟
ناحیەی خەلەکان بە سیڤی موختار هەڵدەبژێرێت
بەرزان عوسمان – دوکان
بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی خەلەکان ئاگاداری هاوڵاتیانی دانیشتوی ناوەندی ناحیەکە دەکات هەر کەسێک ئارەزومەندە سیڤی پێشکەش بکات و بەژداری هەڵبژاردن بکات بۆ دەستنیشانکردنی موختار.
هەڵبژاردنەکە جیاوازە و بەمەبەستی هەڵبژاردنی موختارە بۆ چوار گەڕەکی ناحیەکە، ئەوانیش گەڕەکەکانی قەڵات و چەمی رەزان و شەهیدان و رزگاریە، مەرجە هەرکەس کە سیڤی پێشکەش دەکات تەمەنی لە 30 ساڵ کەمترنەبێت و لە 63 ساڵیش زیاتر نەبێت و ناش بێت فەرمانبەری حکومەت بێت، وە پێشینەی هیچ تاوانێکی نەبێت.
کامەران عەبدوڵا بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەکان به 964ـى وت، ” فۆڕمێکمان بڵاوکردووەتەوە هاوڵاتییان دەتوانن لەماوەی حەوت رۆژدا سەردانی دیوانی ناحیە بکەن بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمەکەو دواتر لەرێگەی لیژنەیەکەوە ناوی پێشکەشکاران یەکلایی دەکەینەوە”.
باسی لەوەكرد، “پێشتر ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی کاری موختاری ئەو گەڕەکانەیان دەکرد بۆ کەمکردنەوەی ئەرکی ئەوان موختاری نوێ دادەنێین، هەرکەس دەربچێت بۆ موختاری مینحەیەکی مانگانەی 40 هەزار دیناری پێدەدرێت لەلایەن حکومەتەوە و ماوەی موختاریەکەی بۆ پێنج ساڵ دەبێت، هاوکات هەر پشتگیریەک بۆ هاوڵاتیان بکەن دوو هەزار دیناریان لێ وەردەگرن”.
ئەو گەڕەکانەی کەوا بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی خەلەکان نیازی هەیە هەڵبژاردنی موختاریان بۆ بکات دانیشتوانەکەی نزیکەی 300 ماڵ دەبن.
پێداچوونەوە: هاوبەش