
ناحیەی ڕزگاری. فۆتۆ: social media
بۆ بەرزکردنەوەی ئەکتیڤیی تیکتۆکەکەیان ئەکتیڤیی خۆیان دابەزاند
+964
هونەر فارس – گەرمیان
دوو گەنج لە ناحییەی ڕزگاری لە گەرمیان لەسەر بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی کچێک دەستگیر دەکرێن. ئاسایش دەڵێت، بۆ ئەکتیڤی تیکتۆک ڤیدیۆکەیان بڵاوکردووەتەوە.
ڕۆژی پێنجشەممەی رابردوو کچێک لە ناحیەی رزگاری سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، سکاڵا لەسەر دوو گەنج تۆمار دەکات، کە یەکێکیان ئامۆزای خۆیەتی، دواتر ئاسایش دەستگیریان دەکات.
سەرچاوەیەک لە ئاسایشی رزگاری، کە نەیویست ناوی بڵاو بکرێتەوە بە +964ـی وت “گەنجەکان تەمانیان 32 ساڵ و 26 ساڵن، دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و بۆ ئەکتیڤیی تیکتۆک وێنە و ڤیدیۆی ئەو کچەیان بڵاو کردووەتەوە بۆ ئەوەی دوایی پەیجەکە بفرۆشنەوە”.
لە ئێستادا گەنجەکان بە پێی مادەی دووی خراپ بەکارهێنانی مۆبایل لە لای پۆلیسی گەرمیان دەستبەسەرن.
ماددەی دووی یاسای خراپبەکارهێنانی مۆبایل دەڵێت، هەرکەس ئامێرەکانی پەیوەندی خراپ بەکار بهێنێت بەند دەکرێت بۆ ماوەیەک، کە لە شەش مانگ کەمتر نەبێت و لە پێنج ساڵیش زیاتر نەبێت.
هەروەها سزایەکی دارایی دەدرێت، کە لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت.