لە دهۆک نرخی شوقە فڕی

+964

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

لە دهۆک نرخی شوقە بە رێژەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە، کۆمپانیاکانی خانوبه‌ره‌ش هۆکارەکەی بۆ نەخستنەڕووی شوقە لە 2022 دەگەڕێننەوە.

بە پێی بەدواداچوونەکانی +964 هۆکاری گرانبوونی شوقە لە شاری دهۆک بۆ نەمانی یەکە لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون دەگەڕێتەوە.

ئەو بەرزبوونەوەیە لە کاتێکدایە لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی وەک خۆیەتی و هیچ بەرزبوونەوەیەکی بەخۆیەوە نەدیوە.

دەشتی نافع، خاوەنی کۆمپانیای خانوبه‌ره‌ دەشتی لە شاری دهۆک بۆ +964ـی روونکردەوە، نرخی شوقە %20 بەرزبووەتەوە، واتا ئەگەر شوقەیەک بە 60 هەزار دۆلار بووبێت، ئەوا ئێستا نرخەکەی 72 هەزار دۆلاره.

“هۆکارەکەی بۆ نەمانی یەکەی نیشتەجێبوون دەگەڕێتەوە و لە بازاڕی دەستی دووش نرخەکەی بەرزبووەتەوە”دەشتی نافع وای وت.

+964 لە وەبەرهێنانی دهۆکەوە دەزانێت، تا ئێستا نزیکەی 40 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە پارێزگای دهۆک دروستکراون.

سەڵاح حاجی حەسوو، بەرپرسی راگەیاندنی وەبەرهێنانی دهۆک بە +964ـی وت “ساڵی 2022 هیچ پڕۆژەیەکی نێشتەجێبوون لە دهۆک مۆڵەتی وەرنەگرتووە، بەڵام لەمساڵدا پڕۆژەمان دەبێت”.

دڵشاد عەبدولواحید، خاوەنی کۆمپانیای خانوبه‌ره‌ى هۆنیا باسی لەوەکرد هیچ گۆڕانکارییەک لە شاری هەولێر لە نرخی کڕینی شوقەدا رووی نەداوە.

بۆ +964 وتیشی “یەکەکان زۆرن و پڕۆژەی نوێش بەردەوام دێنە بازاڕەوە، بۆیە نرخەکان تا ڕاددەیەک جێگیرن”.

لە سلێمانیش بە هەمان شێوەیە، ئەوەتا دەریا کەیان ئەحمەد، خاوەنی کۆمپانیای خانوبه‌ره‌ى دەریا موڵک بە +964 دەڵێت: نرخی شوقە لە سلێمانی وەک خۆیەتی و بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە نەبینیوە.