750 کەس بێکار بوون
لە دهۆک زیاتر لە 80 هۆتێل و مۆتێل داخراون
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
لە وەرزی زستاندا، گەرموگوڕى هاتنى گەشتیاران بۆ دهۆک سارد و سڕە، بەوهۆیەوە زیاتر لە 80 هۆتێل و مۆتێل داخراون و نزیکەى 750 کەسیش بێکار بوون.
بەپێی زانیارییەکانى 964، لە پارێزگای دهۆک و دەوروبەری 250 هۆتێل و موتێل و شوێنی گەشتیاری هەیە، زۆربەى هۆتێل و مۆتێلەکانیش کەوتوونەتە شوێنە گەشتیارییەکان.
یەکێک لە خاوەن هۆتێلەکانى دهۆک کە نەیویستووە ناوەکەى بڵاوبکرێتەوە، لەسەر ئەو بابەتە قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت: بەهۆى نەهاتنى گەشتیاران، دوو مانگە هۆتێلەکەمان داخستووە، چونکە نەمانتوانیوە موچەى کارمەندەکان دابین بکەین.
شێخ ئیحسان، سەرۆکی کۆمەڵەى هوتێل و مۆتێلەکان لە پارێزگای دهۆک بە 964ـى وت،”لە وەرزى زستاندا، تەنیا لە سەنتەری شاری دهۆک 68 هوتێل و مۆتێل داخراون، ئەوە جگە لە داخستنى نزیکەى 20 هۆتێل و مۆتێل لە دەوروبەرى دهۆک”.
هۆکارى داخستنى ئەو هۆتێل و مۆتێلانەى دهۆک، کەمبونەوەى هاتنى گەشتیارانە لە وەرزى زستاندا، بە وتەى شێخ ئیحسان، نزیکەى 750 کرێکار و کارمەندى هۆتێل و مۆتێلەکانیش بەو هۆیەوە بێکاربوون و کارەکانیان لەدەستداوە.
ساڵ لە دواى ساڵ هاتنى رێژەی گەشتیاران کەمتر دەبێتەوە و بەپێی ئەو ئامارەی 964 لە کۆمەڵەى هوتێل و مۆتێلەکانى پارێزگای دهۆک دەستى کەوتووە، تەنیا لە پشووى پێش سەرى ساڵ واتا لە 25.12.2023 تا شەوى 31.12.2023، نزیکەى هەزار گەشتیار لەناو هوتێل و موتێلەکانى پارێزگاى دهۆک ماونەتەوە، ئەوەش بەپێی ئامارى ساڵانى رابردوو رێژەکە دوو هێند کەمی کردووە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری دهۆک، کە بەدەست 964 کەوتووە، لە ساڵی 2023ـەوە دوو ملیۆن و 400 هەزار گەشتیار سەردانى ناوچە گەشتیارییەکانى پارێزگای دهۆکیان کردووە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح
20 هۆتێل و مۆتێلی دهۆک دەرگایان کرایەوە