جەسام بندیان شاجوانی تیکتۆک بڵاودەکاتەوە
+964
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
گۆرانیبێژی میللی و ناسراوی هەولێر جەسام بندیان، بەمزووانە گۆرانییەکی نوێ بە ناوی “شاجوانی تیکتۆک” بڵاودەکاتەوە و دەشڵێت بۆشایی هونەری بە من دروست نابێت، مادام پاش حەسەن زیرەک و ماملێ هونەر نەوەستا.
جەسام بندیان لە 2006ەوە دەستی بە گۆرانیوتن کردووە و وەک خۆی باسی دەکات گۆرانییەکانی بۆ ئەو وەک کۆرپەی وان، بەڵام بەرهەمی “کچە مام” زیاتر چووەتە ناو خەڵکەوە و پێی دەناسرێتەوە، لە لێدوانێکی تایبەتیشدا بۆ 964 وتی، “گۆرانییەکی نوێم بەناوی شاجوانی تیکتۆک ئامادەیە، چونکە ئێستا تیکتۆک زۆر باوە لەناو خەڵکدا”
جەسام بندیان لە قسەکانی ئاماژەش دەدات بەوەی هونەری ئێستا رۆژانەیە و نامێنێتەوە، تەنیا بۆ بەدەستهێنانی بینەرە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هیواش دەخوازێت جیلی نوێی هونەری پێشکەوتووتربن.
پێداچوونەوەی :پەری ساڵح