هەشت ماسیگر بێ سەروشوێنن
بەهۆی حوسییەکانەوە %60ی ماسیگرانی حودەیدییە کارەکانیان لەدەستداوە
964+
ئەحمەد مستەفا
نزیکەی 60%ی ماسیگرانی پارێزگای حودەیدییه له رۆژئاوای یەمەن، بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی چەکدارە حوسییەکان بۆ سەر کەشتییه بازرگانییەکان له دەریای سوور، سەرچاوەی داهاتیان لە دەست داوە، کە لە “فرۆشتنی ماسی”یەوە سەرچاوەی دەگرت.
عەلی ئەهدال، بەرێوەبەری فەرمانگەی راگەیاندن لە پارێزگای حودەیدییە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا دەڵێت: نزیکەی 300 هەزار کەس لە حودەیدییە پیشەیان ماسیگرتنە بەڵام 60%ی ئەو کەسانە، لە ئەنجامی پەرەسەندنی هێرشى حوسییەکان لە دەریای سووردا کارەکانیان لەدەستداوە.
بە قسەی عەلی ئەهدال، لە ساڵی 2018ـەوە، ئۆپەراسیۆنی حوسییەکان لە کەناراوەکانی حودەیدییە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 71 ماسیگر و برینداربوونی زیاتر لە 100 کەسی دیکەیان، هاوکات هەشت ماسیگر 22 رۆژە بێسەروشوێنن و هیچ شتێک لە بارەی چارەنووسیانەوە نازانرێت.
چەکدارە حوسییەکان زۆربەی ناوەندەکانی ماسییان لە پارێزگاکە پەکخستووە، هەروەها هەندێکیان ناچارکردووە بەلەمەکانیان بە کرێبگرن بۆیان، هەروەک فشاریان لە هەندێک ماسگیر کردووە، لە نزیک کەشتییە جەنگییەکان کاربکەن، تا وەک قوربانی بەکاربهێنرێن، عەلی ئەهدال وای وت.