بەبێ حەماس

بەریتانیا تاوتوێی داننان بە دەوڵەتى فەڵەستینى دەکات

وریا فەتاح

بەریتانیا لە هەوڵدایە بۆ داننان بە دەوڵەتى فەڵەستینى، بەڵام دوای وەستانی شەڕ لە کەرتی غەزە، ئەو وڵاتە بەفەرمی ئەوەی راگەیاندووە “بەردەوامى حەماس لە کەرتى غەزە قبوڵ ناکەین”.

دەیڤید کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی راگەیاندووە، وڵاتەکەی دەتوانێت دوای ئاگربەست لە غەززە بە فەرمی دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێت، بەبێ ئەوەی چاوەڕێی دەرئەنجامی دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان بکات سەبارەت بە چارەسەری دوو دەوڵەتی.

ئەو قسانەی دەیڤد کامیرۆن لەکاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە سەردانی لوبنانی کردووە بۆ هێورکردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکە، ئەوەی وتووە، تا ئەو کاتەی حەماس لە غەزە ئامادە بێت ناتوانرێت دانپێدانان بە دەوڵەتى فەڵەستینى ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەمە لە کاتێکدا دەکرێت کە دانوستانەکانی ئیسرائیل لەگەڵ سەرکردەکانی فەلەستین بەردەوام بێت.

“داننان بە دەوڵەتى فەڵەستینى بەتەواوی گرنگە بۆ ئاشتی و ئاسایشی درێژخایەن لە ناوچەکەدا”، کامیرۆن واى وتووە.