هاوشانی مامۆستایان

کارمەندانی تەندروستیی راپەڕین بایکۆتیان کرد

ژێوار خدر – راپەڕین

هاوشێوەی مامۆستایانی ناڕازی ئەمڕۆ پزیشک و کارمەندانی تەندروستی راپەڕین بایکۆتی بنکە و مەڵبەندەکانی تەندروستییان کرد و لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی راپەڕین گردبوونەوە.

دکتۆر فەرەیدون سەعید یەکێک بوو لە بەشداربووانی گردبوونەوەکە و بە 964ـی وت، “ئێمە وەک پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی لە ئەمڕۆوە بڕیاری بایکۆتمان داوە، بەهۆی کۆمەڵێک کێشەوە کە دواکەوتنی موچە و  وەستانی پلە بەرزکردنەوە بەشێکن لەو کێشانە.

وتیشی، رێژەی نزیکەی %20ـی کارمەندانی تەندروستی پێکهاتوون لە کەسانی خۆبەخش، ئەگەر بێت و ئەوانیش دانەمەزرێن بۆشایی گەورە لە کەرتی تەندروستی دروست دەبێت، بۆیە داواکارن لە حکومەت ئەو کارمەندە خۆبەخشانەش دابمەزرێنن.

ماوەی نزیکەی پێنج مانگە مامۆستایانی سنوری پارێزگای سلێمانی بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە و تا ئێستا وەڵامی داواکارییەکانیان نەدراوەتەوە، لەم چەند رۆژەی دواییدا لە بەشێک لە فەرمانگە و ناوەندەکانی شارەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و گەرمیانیش بایکۆتیان دەستی پێکردووە و داواکاری سەرەکی کارمەندانیش دوانەکەوتن و هاتنی موچەیە لە کاتی خۆیدا.

پێداچوونەوە: توانا نەقی