له 28 قوتابخانه 26 یان بایكۆتیان راگه‌یاندووه
له پشده‌ر كۆتا قۆناغى خوێندنى ئه‌مساڵیش بایكۆت كرد
964+
محەمەد عەلی ـ پشدەر
مامۆستایانی 12ی ئامادەی هەردوو بەشی زانستی و وێژەی لە سنوورى پشدەر دوا هه‌ڵوێستى خۆیان له‌سه‌ر کۆتای وەرزی یەکەمى خوێندن دا و بڕیاریاندا بایکۆتی ئەم قۆناغه‌ی خوێندنیش بکەن .
سامان محەمەد، نوێنەری مامۆستایان لەپشدەر بە 964ـى وت “مامۆستایانی 12 ئامادەیی به‌هه‌ردوو به‌شى زانستی و وێژەیی لە سۆنگەی بەرپرسیاریەتییان قۆناغی یەکەمی خوێندیان بە بێ موچە تێپەڕاند، بۆیە بەڵێنیان بە هاوپیشەکانیان داوە کە لەوەرزی دووەم، ئه‌گه‌ر داواکاریەکانی مامۆستایان وه‌ڵام نەدرێنەوە، ئه‌وا بایکۆت به‌رده‌وام ده‌كه‌ن.
بڕیاره كاتژمێر سێى دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامەنووسیدا ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یان رابگه‌ینن.
وتیشی “دیاره تا ئێستا وه‌ڵامى داواکاریەکانمان نەدراوەتەوە، ته‌نانه‌ت لە بری وەڵامدانەوە هەڕەشە و فشار بەکاردەهێنن بەرامبەر مامۆستایان، بۆیە ئەمڕۆ رایدەگەیەنن لەکۆی 28 قوتابخانە لە قەڵادزێ 26 قوتابخانەی بە کۆی دەنگ بایکۆتی ناوەندەکانی خوێندن دەکەن لە قۆناغی 12 دا”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ئەو دوو قوتابخانە ئامادەیەی کە دەمێننەوە لەبەیاننامەیەکدا لەلایەن مامۆستایانەوە داوایان لێدەکرێت کە ئەوانیش بێنە ریزی مامۆستایانەوە و یەکڕیزی مامۆستایان تێکنەدەن.
زیاتر له چوار مانگه مامۆستایان و وانه‌بێژان له به‌شێكی هه‌رێمى كوردستان له‌به‌رامبه‌ر دواكه‌وتنى مووچه چه‌ند داواكارییه‌كیان بایكۆتى هۆڵه‌كانى خوێندنیان كردووه و مامۆستایانى پشده‌ریش ئه‌مڕۆ بایكۆتیان به‌رده‌وام كرد و كۆتا قۆناغى خوێندنى ئه‌مساڵیشان بایكۆت كرد.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن