964+
حوسییەکان هۆکارن
نرخى نەوت 84 دۆلارى تێپەڕاند
964+
وریا فەتاح
لەگەڵ بەردەوامیی کێشەکانی دەریای سوور و دواى پێکانى کەشتییەکى نەوتهەڵگر بە مووشەکێکى چەکدارە حوسییەکان، نرخى نەوت بەرزبوونەوەی زیاتری بەخۆیەوە بینی و دواجار 84 دۆلارى تیپەڕاند.
ئەمڕۆ دووشەممە، نرخى نەوت بە رێژەى 0.47 بەرز بوونەوەى بەخۆیەوە بینیوە و گەیشتووە بە 84 دۆلار و 02 سەنت، نەوتى سوکى تەکساسیش هەر بەرمیلێکى بە 78.46 دۆلارە و بە رێژەى 0.45 بەرز بوونەوەى بەخۆیەوە بینیوە.
بە گوێرەی هەواڵێکى ئاژانسی رۆیتەرز، کۆمپانیای بازرگانیی کاڵاکانی ترافیورا رۆژی شەممەى رابردوو رایگەیاند، مەترسییە ئەمنییەکان هەڵدەسەنگێنن، پێش ئەوەی بەردەوام بن لە گەشتە نوێیەکان لە دەریای سوور، دوای ئەوەی رۆژى هەینى چەکدارە حوسییەکانى یەمەن هێرشێکى مووشەکییان بۆسەر کەشتییەکى نەوتهەڵگر ئەنجامدا.
بەرزبوونەوەى نرخى نەوت بۆ ئەو ئاستە، گەورەترین زیادبوونی هەفتانەیە لە دوای دەستپێکردنی ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماس.
بڕیارە لە یەکى شوباتى داهاتوو، وەزیرانی باڵای رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) و هاوپەیمانەکانی بە سەرۆکایەتی رووسیا بە شێوەی ئۆنلاین کۆببنەوە.
پێدەچێت ئۆپیک پڵەس له چەند هەفتەى داهاتوودا بەرهەمهێنانى نەوت بۆ مانگى نیسان و دواتریش، یەکلایى بکاتەوە، چونکە کۆبوونەوەکە زۆر زوو بەڕێوە دەچێت بۆ بڕیاردان لەسەر سیاسەتى بەرهەمهێنانى زیاتر.