بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی - وێنە: 964
ئێستا چەند کاتژمێر هەیە؟
لە سلێمانی هۆشداری لە کەمبوونەوەی کارەبا دەدرێت
964+
پێشەوا محەمەد
کارەبای سلێمانی هۆشداری دەدات لەوەی، ئەگەر سەرما چڕتر ببێتەوە ئەوا پێدانی کارەبای نیشتیمانی لە ئێستا کەمتر دەبێتەوە، کە رۆژانە شەش بۆ حەوت کاتژمێر کارەبا هەیە.
لە زستاناندا نزیکەی 800 مێگاوات کارەبای نیشتیمانی بە سلێمانی دەدرێت، بەڵام پێویستی بە نزیکەی دوو هەزار مێگاواتە تا بتوانێت لەسەر و 12 کاتژمێرەوە کارەبا بە هاوبەشەکان بدرێت.
سیروان محەمەد، وتەبێژی کارەبای سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، هەتا سەرما چڕتر بێت خواست لەسەر کارەبا زیاتر دەبێت و ئەوەش فشار دروست دەکات و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا کەم دەبنەوە.
وتیشی، “هاوڵاتیان کارەبا بۆ خۆگەرمکردنەوە بەکاردەهێنن، ئەوەش کێشە بۆ زۆربەکارهێنانی کارەبا دروست دەکات”.
سلێمانی زیاتر لە 520 هەزار هاوبەشی کارەبای هەیە.
کەمبوونەوەی کارەبای نیشتیمانی وادەکات مۆلیدە ئەهلییەکان کاتژمێری زیاتر کار بکەن و مانگانەش نرخەکەی زیاد بکات.
“کارەبا و دابینکردنی پێویستی بە چارەسەرکردنی بنەڕەتی هەیە و پێویستە حکومەتی هەرێم ئەو کێشەیە بە تەواوی چارەسەر بکات”، ئەوەش قسەی سیروان محەمەد.