خەرمانی ئۆپەراسیۆنەکەی هەسەدە.. بە هەشت رۆژ 154 کەس قۆڵبەست کراون

+964
كوردستان ئەحمەد- هەولێر

هێزەکانی سوریای دیموکرات  تەنیا لەماوەی هەشت رۆژدا 154 کەسیان قۆڵبەست کردووە، 129 کەسیان داعش بوون، دەڵێن ئەگەر تورکیا نەبوایە مانگێک پێش ئێستا ئەو کارەمان کردبوو.

هەسەدە لەبارەی خەرمانی ئۆپەراسیۆنە هەشت رۆژییەکەی لەوێبسایتی فەرمی خۆی راگەیەندراوێکی  بڵاوکراوەتەوەو دەڵێ بەهاوکاری هاوپەیمانان 55 گوندو سێ ناوچەی فراوانی سنوری نێوان عێراق و سوریامان پشکنیوە.

هەسەدە دەڵێ ”بڕیاربوو لەمانگی تشرینی دووەمی رابردوو ئەو ئۆپەراسیۆنە دەستپێبکات، بەڵام سەرقاڵبووین بە پەرچدانەوەی هێرشەکانی تورکیا”.

ژماره‌ى دەستگیرکراوەکان بەپێی راگەیەندراوەکەی هەسەدە بەم جۆرە بووە:

  • دەستگیرکردنی 102 ئەندامی داعش، لەنێوانیاندا سیانیان تێوەگلابوون لەئامادەکردن و رادەستکردنی ئەو بۆمبەی لەسەرەتای ساڵی 2022 هێرشی پێکرایە سەر گرتوخانەی سناعە.
  • ژمارەی ئەوانەی پاڵپشتی لۆجستیان کردووە 27 کەس بوون.
  • ژمارەی ”تاوانبارانی تر” 25 کەس بوون.

ئۆپەراسیۆنەکەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوپەیمانان ناوی ”بروسکەی جزیرێ” بوو، رۆژی 29ی کانوونی یەکەمی رابردوو دەستیپێکردو هەشت رۆژ بەردەوام بوو.