نۆبەرەی خەڵاتی زارا
هێرۆ مەولودی – هەولێر
دوای یەکساڵ دامەزراوەی کوردشۆپ بەڵێنەکەی بردەسەرو ئەمڕۆ یەکەمین ”خەڵاتی زارا” لەهەولێر دابەشکراو بوو بەنسیبی رێکخراوی ڤەرین.
پار ئەم کاتانە دامەزراوەی کوردشۆپ کە کار لەسەر پەرەپێدان و گەشەی زمانی کوردی دەکات، رایگەیاند ئیتر ساڵانە لە ساڵیادی زیندانیکردنی زارا محەممەدی، مامۆستای زمانی کوردیدا خەڵاتێک بەناوی زارا دابەشدەکات.
ئەمڕۆ لەهۆڵی رۆشنبیری هەولێر لەمەراسیمێکدا خەڵاتەکە بەخشرا، کورد شۆپ پێشتر خۆی شەش رێکخراوی لەهەر چوار پارچەی کوردستان کاندید کردبوو، دواتر لەناو ئەوانەشدا یەکێکیانی هەڵبژارد کە ئەویش رێکخراوی ”ڤەرین” بوو.
کامیل نەجار بەرپرسی دامەزراوەی کورد شۆپ بە +964 ـى راگەیاند ”لیژنەیەکی تایبەت کاندیدەکانی هەڵسەنگاندووە، رێکخراوی ڤەرین هۆکارەکەش ئەوە بوو یەکساڵە لەرۆژهەڵات لەژێر فشاردا خزمەتی زمانی کوردی کردووە”.
زارا محەمەدی ساڵی 1990 لەدایکبووەو ماستەری لەجوگرافیای سیاسیدا هەیە، لە 8ی کانوونی دووەمی 2021 دادگای شۆڕشی سنە زارای بە ”تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لەڕێگەی دروستکردنی گرووپ و دەستە” تۆمەتبار کردو بەپێنج ساڵ زیندانی سزا درا، دۆستەکانیشی وتیان راستی بابەتەکە ئەوەیە ”وانەی کوردی بەمنداڵانی سنە وتووەتەوە”.