وێنەکە چی بووە؟
وێنەیەک چاودێریی بازرگانی سۆرانی بردە لای نانەواخانە و سەموونخانەکان
964+
پێشەوا محەمەد
دوای بڵاوبوونەوەی وێنەیەک، کە گوایە موو لە سەموونی سەمونخانەیەکی شاری سۆراندا بیندراوە، لیژنەیەکی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی سۆران چوونە لای نانەواخانە و سەموونخانەکان.
لیژنەکە ئەمڕۆ سەردانی چەند نانەواخانە و سەموونخانەیەکی کردووە، بەتایبەت ئەو سەموونخانەیەی پێیان وتوون وێنەکە هی ئەوێ بووە، بەڵام بە 964ـیان راگەیاند هیچیان نەبینیوە و دڵنیا نین لە راستی و دروستی وێنەکە و کاتی گرتنەکەی.
جومعە عەلی، بەرپرسی هۆبەی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی چاودێریی بازرگانی سۆران بە 964ـی راگەیاند، سەردانی چەندان نانەواخانە و سەموونخانەیان کردووە و هیچ حاڵەتێکی لەو جۆرەیان نەبینیوە.
لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکە زیاتر لە 150 نانەواخانە و سەموونخانە بوونیان هەیە.
“هاوڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە چاودێرییەکانمان بەردەوامن و هەموو رێنماییەکی پاکوخاوێنی بەو شوێنانە دراوە و لە جێبەجێکردنیشیان چاومان کراوەیە بەسەریانەوە”، ئەوەش قسەی جومعە عەلییە.