لە سلێمانی
بۆرییەکی گواستنەوەی ئاو شکاوە و ئاستەنگی هاتوچۆی دروستکردووە
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
بۆرییەکی گواستنەوە لە دووسایدی ترافیکی خوار پردەکەی کۆبانێ شکاوە و بنکەی چاککردنەوەی کوردسات دەڵێت، شکاوییەکە لە شۆستەکەدایە و چەند کێبڵێکی تێدایە و لەبەر ئەوانە چاکنەکراوەتەوە.
تاڵیب ئەحمەد، بەرپرسی بنکەی چاککردنەوەی کوردسات بە 964ی راگەیاند، ئەو بۆرییە لە سەرچنارەوە ئاو بۆ خەزانی ئاوی کارێزەوشک دەگوازێتەوە و راستەوخۆ ئاوی لێ ناگوازرێتەوە بۆ ماڵان.
وتیشی، “بۆرییەکە لە شۆستەی نێوان شەقامەکەدا شکاوە، بەڵام کێبڵێکی کارەبا، کێبڵێکی کۆمپانیای IQ و کێبڵێکی کوردتێلیشی تێدایە و لەبەر ئەو کێبڵانە تەنیا پڕمان کردوەتەوە بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلێکی تێنەکەوێت و چاوەڕێی بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی ئاوین تا دەستبەکاربین و چاکی بکەینەوە”.
ئەو شەقامەی بۆرییەکەی لێ شکاوە یەکێکە لە شەقامە سەرەکییەکانی سلێمانی، گەڕەکەکانی کاریزەوشک، شەهیدانی زەرگەتە و زەرگەتەی تازە بەیەکەوە دەبەستێتەوە و ئاستەنگی لە شەقامەکە دروستکردوە.
تاڵیب ئەحمەد وتیشی، “ئەو بۆرییەی شکاوە شەش مەتر قووڵە و دەبێت هەماهەنگی لەگەڵ ئەو شوێنانە بکرێت کە کێبڵیان لەو شوێنە هەیە و پاشان دەست بە چاککردنەوەی بکرێت”.