رێکاری نوێیە
بەبێ نۆرەگرتن لە پاسپۆرتی سلێمانی 100 هەزاری زیادە بدە و پاسپۆرتەکەت وەرگرەوە
964+
فەهمی نەبی
پاسپۆرتی سلێمانی رێکارێکی نوێی داناوە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت بەپەلە پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی دەربهێنن، بەبێ ئەوەی سەرە بگرن جگە لە تێچووی پاسپۆرت بڕی 100 هەزار دیناری دیکە دەدەن و کارەکەیان بۆ رایی دەکرێت.
رێکارە نوێیەکەی پاسپۆرتی سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوکراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەدا بۆ چوار جۆرە حاڵەتی دیکە هاوڵاتیان دەتوانن بەبێ سەرە پاسپۆرت دەربکەن.
عەمیدی مافپەروەر سالار عەبدوڵا بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی بە 964ی وت، “کاتێک هاوڵاتییەک دێت و زۆر بەپەلە پێویستی بە پاسپۆرتە ناکرێت کاری بۆ نەکەین، بۆیە ئەم رێکارە ئەو کەسە پابەند دەکات لەگەڵ ئەوەی 91 هەزار دینار دەدات، بڕی 100 هەزار دیناری زیادەش دەدات”.
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی چوار رێکاری دیکەی بۆ 964 باسکرد کە سەرەی پاسپۆرت ناگرن بەمجۆرەیە؛
ئەگەر کەسێک نەخۆش بێت و پێویستی بە دەرەوەی وڵات بێت بۆ چارەسەر، دەچێتە نەخۆشخانەیەک حکومی بێت یان تایبەت کێشە نییە، نوسراوێکی فەرمی بە زمانی عەرەبی دەهێنێت و مۆر و رێککەوتی لەسەر بێت، لەو کاتە بەبێ 100 هەزارەکە مامەڵەی پاسپۆرتی بۆ جێبەجێ دەکرێت.
ئەگەر کارمەندێکی هێزە ئەمنیەکان یان پێشمەرگە برینداربێت، پێویستی بە سەرەگرتن نییە و تەنیا 91 هەزارەکە دەدات.
ئەگەر کەسێک نەخۆش بێت و لەسەر عارەبانە بێت، ئەوانەی حاڵەتی بەرچاون، رەسمێکی دەگیرێت و دەخرێتە ناو فایلەکەی و پاسپۆرتەکەی بۆ دەردەکرێت، لەو حاڵەتەش سەرەگرتنی ئەلیکترۆنی ناوێت.
ئەگەر کەسێک لە دەرەوەی وڵات گەڕابێتەوە پێویستی بە دەرکردنی پاسپۆرت هەبێت، کۆپیەکی پاسپۆرتەکەی دەخرێتە ناو فایلەکەی و لەو کاتەش سەرەگرتنی ناوێت.
پاسپۆرتی سلێمانی، ئاگاداری ئەو کەسانە دەکاتەوە کە دەیانەوێت سەرەی پاسپۆرت دابنێن پێویستە لە شەوی پێنجشەممەوە لەرێگەی ئەم لینکەوە دەتوانن، سەرە بگرن.