خۆڵە
رێگاى کاتى بەنداوى گۆمەسپان دەکرێتەوە
964+
بە درێژى زیاتر لە سێ کیلۆمەتر، رێگاى کاتى بەنداوى گۆمەسپان دەکرێتەوە کە ئیدارەى راپەڕین و پارێزگاى سلێمانى بە هەولێر دەگەیەنێت.
عیماد محەمەدئەمین، بەڕێوەبەرى چاککردن و پاراستنى رێگاوبانى هەولێر، بە 964ى وت،”ئەو رێگا کۆنەى کەوتە ژێر ئاو ئیستا ئاوى لەسەر نەماوە و بەڵام قوڕاو و چڵپاوە و هەندێ ئۆتۆمبێل هاتووچۆى پێدا دەکەن، بەڵام هەر باران ببارێتەوە دەکەوێتەوە ژێر ئاو و 60 بۆ 100 سانتیمەتر رێگاکە بە ئاو دادەپۆشرێت”.
لەبارەى ئەو رێگا کاتیی و جێگرەوەیەى ئێستا دروست دەکرێت، عیماد محەمەدئەمین دەڵێت: ئەو رێگا کاتییە لە ئەستۆى بەڵێندەرى بەنداوى گۆمەسپاندایە، دەبوایە ئەو رێگایە زوتر دروست بکرێت بە شێوەیەکى کاتى بۆ ئەوەى گرفت بۆ هاتووچۆى هاوڵاتییان دروست نەبێت، بەڵام ئێستا بەڵێنیداوە کە لە ماوەى ئەو سێ بۆ چوار رۆژە تەواو بێت کە رێگایەکى خۆڵە.
“درێژى ریگا کاتییەکە سێ کیلۆمەترە، پێدەچێت دواى ماوەیەک ئەویش بەهۆى خراپییەوە بەکار نەهێنرێت، بۆیە دەبێت ئەو رێگایە دروستبکرێت کە هەمیشەییە و لە دیزایندایە”، بەڕێوەبەرى چاککردن و پاراستنى رێگاوبانى هەولێر، واى بە 964 وت.
لاى خۆیەوە یونس واحید، ئەندازیار لە بەڕێوەبەرایەتى چاککردن و پاراستنى رێگاوبانى هەولێر لە سنورى کەرتى دوو، لەبارەى رێگا کاتییەکە قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت: رێگاکە کاتییە و درێژییەکەى 3 کیلۆمەتر و نیوە، تێکەڵەڕێژە و ئێستا ئیشکردن تێیدا بەردەوامە، ئێوارەى ئەمڕۆ یان سبەینێ بەڕووى شۆفێراندا دەکرێتەوە”.
بە وتەى یونس واحید، راستە رێگاکە تێکەڵەڕێژە، بەڵام گونجاوە بۆ هاتووچۆ و ئۆتۆمبێلى بارهەڵگریش دەتوانێت هاتووچۆى بەسەردا بکات.
رێگا کاتییەکە، جگە لەوەى تێکەڵەرێژە و گرفت بۆ هاتووچۆ دروست دەکات، بەڵام بەپێى بەدواداچوونەکانى 964، لە حاڵەتى بەرزبوونەوەى ئاستى بەنداوى گۆمەسپان، ئەویش لەژێر مەترسى ژێرئاوکەوتندایە لە داهاتوودا.