هەولێر لە ئەنتاڵیا خۆی تازە ده‌کاتەوە

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

بۆ ئه‌نجامدانی كه‌مپێكی مه‌شق و راهێنان، تیپی تۆپی پێی یانه‌ی هه‌ولێر به‌ره‌و توركیا به‌ڕێكه‌وت و پلانی هه‌یه‌ دوو یاریزانیش له‌ توركیاوه‌ بگوازێته‌وه‌ ریزه‌كانی.

یانه‌ی هه‌ولێر سوود له‌ وه‌ستانی خولی نایابی عێراق وه‌رده‌گرێـت، كه‌ به‌ هۆی به‌ڕێوه‌چوونی جامی كه‌نداو وه‌ستاوه‌، بۆیه‌ كه‌مپێكی مه‌شق و راهێنان له‌ شاری ئه‌نتالیای توركیا رێكده‌خات.

شاندی یانه‌ی هه‌ولێر ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ به‌ پاس به‌ره‌و توركیا به‌ڕێكه‌وتن و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت سبه‌ی كه‌مپه‌كه‌یان ده‌ستپێبكه‌ن.

ئیبراهیم قادر به‌رپرسی راگه‌یاندنی یانه‌ی هه‌ولێر به‌ 964+ی وت، به‌رنامه‌ی یانه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ 12 رۆژ له‌ توركیا بمێننه‌وه‌ و كه‌مپێكی چڕوپڕی مه‌شق ئه‌نجام بده‌ن.

وتیشی: “زانیارییمان هه‌یه‌ چه‌ند تیپێكی دیكه‌ش له‌ ئه‌نتالیا ده‌بن، له‌وانه‌ یانه‌یه‌كی پله‌ دووی هه‌نگاریا، كه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین دوو تا سێ یاریی دۆستانه‌ش له‌وێدا بكه‌ین”.

ئیبراهیم قادر ئه‌وه‌شی بۆ 964+ ئاشكرا كرد، له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان دوو یاریزانی دیكه‌ بگوازنه‌وه‌ یانه‌كه‌یان، كه‌ یه‌كێكیان به‌ڕازیلییه‌.

“ده‌مانه‌وێت دوو یاریزانی نوێ بگوازینه‌وه‌ یانه‌كه‌مان، ئێستا له‌سه‌ر هیڵین له‌گه‌ڵیاندا، ئه‌گه‌ر كاروباری گواستنه‌وه‌یان ته‌واو بكرێت، هه‌ر له‌ كه‌مپه‌كه‌ی توركیاوه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ مه‌شقه‌كانی هه‌ولێره‌وه‌ ده‌كه‌ن”.

یانه‌ی هه‌ولێر، براوه‌ی چوار نازناوی خولی نایابی عێراق، ئه‌م وه‌رزه‌ ئه‌نجامه‌كانی له‌ خولی عێراق وه‌ك پێویست نییه‌، ده‌یه‌وێت ئاست و ئه‌نجامه‌كانی باشتر بكات”.

ئیبراهیم قادر ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، ئامانجی كه‌مپه‌ مه‌شقییه‌كه‌یان له‌ توركیا، بۆ ئه‌وه‌ی بۆ یارییه‌كانی داهاتوو به‌ ئاست و ئه‌نجامی باشه‌وه‌ ده‌ربكه‌ون.

یانه‌ی هه‌ولێر ئێستا له‌ پله‌ی 15ـی ریزبه‌ندییه‌ و ته‌نیا 12 خاڵی هه‌یه‌.